نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر بەغدا ئامادەی چارەسەر نییە بژاردەی دیکەمان هەیە

 نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر بەغدا ئامادەی چارەسەر نییە بژاردەی دیکەمان هەیە
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر کێشەی بودجە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە ئەگەر بەغدا ئامادەی چارەسەر نەبێت ئەوا بژاردەی دیکەمان هەیە.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش بەهەمان شێوە جەختی لەوە کردەوە کە بە پێی یاسای بودجە هەر لایەنێک پابەند نەبوو بە رێککەوتنەکە، دەکرێ لایەنەکەی دیکەش پابەند نەبێت و گوتیشی:" ئەگەر بەغدا پابەند نەبوو بە ناردنی بودجە، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی بژێوی خەڵک لە سەرچاوەی دیکە پەیدا بکات".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند:" ئەمریکامان ئاگادارکردووەتەوە کە بەغدا پابەند نەبووە بە یاسای بودجە" گوتیشی "هەندێ لێدوان لە بەغدا دەدرێن خزمەت بە هیچ لایەک ناکەن".

نێچیرڤان بارزانی چەند جارێک جەختی لەوە کردەوە "ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ بەغدا کێشەکە چارەسەر بکەین، بەڵام ئەگەر بەغدا ئامادە نەبوو، ئەوا چارەی دیکە هەیە".

دەربارەی پرسی سەربەخۆییش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی :" سەرۆک بارزانی لە سەفەرەکەیدا باسی سەربەخۆیی کوردستانی کردووە".

بارزانی راشیگەیاند " گەورەترین زەربە لە هەرێمی کوردستان دابەزینی نرخی نەوت بوو
جەختی لەوەش کردەوە کە هەرێم ئێستا هیچ نەوت نانێرێتە دەرەوە جگە لەوەی بە سۆمۆ دەینێرێتە دەرەوە".











رووداو
Top