وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە هەولێر
رۆژی چوارشەممەی 13ی ئایاری 2015، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی نێو پەرلەمانی عێراق لە هەولێر كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پابەندنەبوونی حكومەتی عەبادی بە یاسای بودجە و رێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتووە، بەغدا زانیویەتی هەرێمی كوردستان جدییە لە یەكلاییكردنەوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا، بۆیە عەبادی بڕیاریداوە وەزیری نەوت بنێرێتە هەولێر و كێشەی بودجە و هۆكاری نەناردنی پارەی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان روون بكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكان ، نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا رایگەیاندووە، كە ئەگەر بەغدا پابەندی رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا نەبێ، ئەوە هەرێمی كوردستان بیر لە سەربەخۆیی ئابووری دەكاتەوە. پێشتریش مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە ئەگەر بەغدا پابەندی رێككەوتنەكە نەبێ و پارە بۆ هەولێر نەنێرێ، ئەوا ئیتر هەرێمی كوردستان راستەوخۆ نەوتی خۆی دەفرۆشێ.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو 6ی ئایار، بەغدا رایگەیاند، كە 543 ملیار دیناری خستووەتە سەر حسابی هەرێمی كوردستان و رۆژی دووشەممە 11-5-2015 بڕی 488 ملیار دینار لە پارەكە گەیشت، كەمكردنەوەی ئەو بڕ پارەیەش لەسەر بڕیاری عەبادی بووە.
پێشتر ئامانج رەحیم ، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو " لەكاتی گەیشتنی پارەكە بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا ، حەیدەر عەبادی تەلەفۆنی بۆ وەزارەتی دارایی كردبوو ، كە نیوەی ئەو 543 ملیار دینارەش بگێڕنەوەو نەینێرن بۆ هەرێمی كوردستان ، دواتر بەهۆی وەزارەتی دارایی عێراقەوە رازیبوو تەنیا 10% لەو 543 ملیار دینارە بگێڕدرێتەوە".
رووداو
