نێچیرڤان بارزانی: پەروەردە نوێنەکرێتەوە ناتوانێ یارمەتی گەشەکردنی وڵات بدات

 نێچیرڤان بارزانی: پەروەردە نوێنەکرێتەوە ناتوانێ یارمەتی گەشەکردنی وڵات بدات
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی پەروەردەیی لە شاری هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "بەستنەوەی کوردستان بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە دونیای دەرەوە کاردانەوەی هەیە لە سەر بواری خوێندن، تەندروستی و بازاڕی کار".

نێچیرڤان بارزانی، لە کۆنگرەی پەروەردەیی کە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر سازیکردوە ئاماژەی بەوەکرد: "لەماوەی 100 ساڵی رابردوو ژیان لە کوردستان سەخت بوو، نەوەی پێش ئێمە و بەشێک لە ئێمە نەماندەزانی چیمان بەسەردێ، کەی ماڵ و منداڵ و گوند و شارەکانمان تۆپباران دەکرێن، لەکوێ دەبینە پەنابەر، کەی دەتوانین بگەڕێینەوە زێدی خۆمان، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا کوردستان لە چوارچێوەی مانونەمان دەرچووە".

بارزانی گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا هێرشی دڕندانەی داعش زیانی زۆر گەورەی بە خەڵکی کوردستان گەیاندوە، ئەگەرچی هەندێک لاوی کوردستان فریوی داوی توندڕەوی ئایینیان خواردووە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە : "وەبەرهێنەری بیانی و خۆماڵی چاوەڕێی هێزی کاری چالاک و شارەزا و لێهاتوو دەکەن، تا ئەوانیش راستەوخۆ بتوانن ئابووری وئاستی ژیان لە کوردستان گەشەپێبدەن، ئێمە دەبێ لە ئێستاوە خۆمان لەگەڵ داواکاری ئایندەی وڵاتەکەمان بگونجێنین".

بارزانی لە وتارەکەییدا گرنگی سیستمی پەروەردەی فەرامۆش نەکرد و گوتی: "بۆ ئەوەی ئەرکی سەرشانی نەوەی ئایندە لەگەڵ پێداویستی دوارۆژ بگونجێت، دەبێ بێوچان بە سیستمی پەروەردەدا بچینەوە، پەروەردەیەک بەردەوام نوێ نەکرێتەوە ناتوانێ یارمەتی گەشەکردنی وڵات بدات، ناتوانێ ببێتە فاکتەری سەرەکی دۆزینەوەی گرفتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، تەکنەلۆژی و دەروونی لە وڵاتەکەمان".

داواشیکرد کە: "دەبێ سیستمی پەروەردەی کوردستان قوتابی بەشێوەی نوێ و گونجاو لەگەڵ سەردەمی نوێ ئامادەبکات، دەبێت لێهاتوویی تایبەتی هەبێت، فێری زانستی پڕ ناوەڕۆک بکرێت".

بارزانی جەختی لەوە کردەوە: "مامۆستایەکی سەربەخۆ لە پۆلێکی سەربەخۆ و لە قوتابخانەیەکی سەربەخۆ و وەزارەتێکی سەربەخۆ ئاراستە و ئاستی خوێندن و فێرکاری بەشێوەیەک بەڕێوەدەبات کە قوتابی خۆی هەوڵی بەردەوام بدات بۆ زاڵبوون بەسەر هەر گرفتێک کە دێتە رێگەیان، نەک چاوەڕوان کەسێک لەدەرەوەی پۆل، قوتابخانە یان حکومەت پێی بڵێ کە چی بکات و چۆن بیر بکاتەوە چۆن چارەسەری کێشەکان بدۆزێتەوە".

بارزانی پێیوابوو : "چەند هەوڵی جیاواز بدرێت لە هەر پۆلێکی سەربەخۆدا دەیان و سەدان و بگرە هەزاران رێگە دەدۆزرێتەوە بۆ ئەو سەختیانەی دێنە رێگامان".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "قوتابی ئەمڕۆمان، سەرکردەی پاشەڕۆژمانن، بۆ ئەوەی لە دەریای ژیان سەربکەون و وڵاتەکەمان بپارێزن و گەشەی بەردەوامی پێبدەن، دەبێ خۆیان بە ئامێری ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە خۆیان ئامادەبکەن".








رووداو
Top