بەڕێوەبەری ناوەندی ئەتلەنتیک: مێژوو دەستکەوتەکانی 'بارزانی'ـی نووسیوەتەوە و پارێزگاری لێ دەکات
(سەرۆک بارزانی) لە میانی چوونی بۆ ئەمەریکا ئەم ئێوارەیە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەتلەنتیک لە پانێلێکدا بۆ ئامادەبووان ڕۆشنایی خستە سەر دواپێشهاتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لەسەر پرسی داعش وردەکارییەکانی خستە ڕوو.
لە دەستپێکدا (ویلیەم تایلەر) بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەتلەنتیک لە وەسفێکی گرینگی (سەرۆک بارزانی)دا باسی لەو قارەمانیەتیەی (سەرۆک بارزانی) کرد کە لەکاتی شەڕدا بەرەکانی جەنگی بەسەر کردووەتەوە و، سەردانی کەسوکاری شەهیدانی کردووە و لە بەرەی جەنگدا ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بووەتەوە. هاوکات گوتیشی کە نزیکەی 2ملیۆن ئاوارە پەنای بۆ هەرێم هێناوە.
(ولیەم) دەیشڵێ، (سەرۆک بارزانی) سەردانی واشنتنی کردووە، ئەم سەردانە لە کاتێکی زۆر گرینگدا بووە چونکە ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتیکی بەهێز بۆ کوردستان کە کوردستان دۆستێکی زۆر نزیکی ئەمەریکایە.
بەڕیوەبەری ناوەندنی ئەتلەنتیک ئاماژەیشی کرد، (سەرۆک بارزانی) لەو ڕۆژەدا لەدایک بووە کە باوکی بەڕێزیان (بارزانی نەمر) پارتیی دیموکراتی کوردستان دامەزراندووە و، (بارزانی نەمر) دەوری زۆری هەبووە بۆ دامەزراندنی کۆماری مەهاباد، بارزانی لە ژێر ئالای کوردستان لەدایکبووی و لە ژێر ئاڵاکەیشدا گیانی فیدا دەکات.
هەروەک گوتیشی کە سەرۆک تەمەنی 16 ساڵ بووە کە بووەتە پێشمەرگە.
دواتر باسی لە یەکەم هەڵبژاردنی ئازادانەی عێراق کرد کە لە ساڵی 1992 ئەنجام درا لە هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی (سەرۆک بارزانی) دەچێتە بەغدا و، دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی حوکم.
هەروەک هاتە سەر باسکردنی بوونی (سەرۆک بارزانی) بە سەرۆکی هەرێم لە 2005 و دواتر جارێکی دی لە 2009 هەڵبژێردرایەوە.
هەروەها گوتیشی کە گۆڤاری تایم (سەرۆک بارزانی) وەک سەرکردەیەکی کاریگەر و بەهێز لە جیهان هەڵبژارد.
(ویلیەم) گوتیشی، ئەو دەستکەوتانەی (سەرۆک بارزانی) بەدەستی هێناون مێژوو نووسیویەتی و پاریزگاری لێ دەکات و نووسراوەنەتەوە.
(سەرۆک بارزانی) لە کۆڕەکەدا ڕایگەیاند کە، هاتنی ئیمە بۆ واشنتن بۆ ئەوەیە سوپاسی سەرۆکی گەلی کوردستان بە سەرۆک و گەلی ئەمەریکا بگەیێنین کە هاوکاریان کردین لەکاتی توشی شەڕی داعش هاتین لە ساڵی ڕابردوو.
هەروەها بیرۆرا ئالوگۆڕ بکەین و چۆن ڕووبەڕووی ئەو تەحدیاتانە ببینەوە کە لەو ناوچانە هەن کە ئیمە لێی دەژین.
(بارزانی) ڕایشیگەیاند کە، وەک ئاگادارن کە لە ساڵی ڕابردوو کوردستان کەوتە بەر هێرشی داعش کە ئیمکانیاتێکی زۆریان هەبوو لەو چەکانەی لە سووریا و لە عێراق دەستیان کەوتبوو. ئێمە ستراتیژیەتێکی دوو قۆناغمان گرتە ئەستۆ: یەکەم چۆن بەرگری بکەین. دووەم: چۆن هێرش بکەین.
من بە پێویستی دەزانم کە سوپاسی ئەمهریکا بکەین لەو پشتیوانە ئاسمانیەی کە بۆیان دابین کردین و توانیمان کە داعش تووشی شکست بکەین و هاوکیشەکە بگۆڕین.
(سەرۆک بارزانی) بۆ ئامادەبووانی روونکردەوە، داعش درێژکراوەی قاعیدەیە، نەوەک تازە دروست بووبێت، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە قاعیدە تەنیا جیهادی تەکفیری بوو، داعش جیهادی تەکفیری و شۆڤینییە. ئەمانە ئیسپاتیان کرد دژی ئازادی و بنەماکانی دیموکراسی و مێژوون لە جیهاندا.
(سەرۆک بارزانی) ئاماژەی کرد کە، ئەو شوێنەی داعش لێی دەسەڵاتدارە نە دیموکراسی و نە ئازادی و نە دین و مەزهەب هیچ شتێک لێ ئازاد نابێت. "هەست بە شانازی دەکەین کە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی داعش دەکەین و ئوستورەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێک شکێندرا".
(سەرۆک بارزانی) گوتیشی کە،" ئێمە لەو شەڕەدا 1200 پێشمەرگەمان لێ شەهید بووە و 7هەزار بریندرارمان هەیە؛ جگە لە زەرەی مادی و مەعنەوەی کە لە میلەتی ئیمە کەوت. ئێمە پیمان وایە لەگەڵ هاوپەیمانان بەرگریمان لە قیەمی مرۆڤایەتی کردووە. ئیمە لەو شەڕەدا ئوستوورەی داعشما تێک شکاندووە و سنووری 20هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەمان ئازاد کرد کە داعش داگیری کردبوو. جگە لە قورسایی شەڕ، قورساییەکی ئابوورییش کەوتە سەر هەرێم زیاتر لە 1ملیۆن ئاوارە هاتنە هەرێم. شارێکی وەک دهۆک ژمارەی ئاوارەکان وای لێ هاتووە کە ژمارەیان لە خەڵکی شارەکە خۆی زیاتر بووە. هەستمان کرد ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتیمان لەسەر شانە، بۆ هاوکارییان بەردەوامیش دەبین بەڵام بارەکە لە ئیمکانیاتی ئێمە زیاترە، بۆیە داواکارین ئەمەریکا وڵاتانی دیکە هاوکاریی کوردستان بکەن و ئەو خاڵە بە گرینگ لەبەرچاو بگرن".
(سەرۆک بارزانی) بۆ ئامادەبووانی شیکردەوە، کاتی ڕۆژانی یەکەمی داعش خەڵکەکە تووشی ڕووداوی ناخۆش هاتن، من لە گەلەڵ نوێنەرانی تورکمان و مەسیحی و ئێزدیدا دانیشتین و، گوتمان ئێمە بە جێتان ناهێڵین؛ یان پێکەوە دەمرین یان پێکەوە سەر دەکەوین؛ داوامان لێ کردن شوێنی خۆیان جێ نەهێڵن و ڕوو نەکەنە دەرەوەی وڵات.
(سەرۆک) ڕاشیگەیاند کە، پێویستمان بە کۆمەی زیاتر هەیە لە ڕووی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەوەی هەرچی زووە حەسمی شەڕەکە بکەین.
هەر لە پانێلەکەدا سەرۆک بارزانی جەختی کرد کە، سەربەخۆی کوردستان بەڕێوەیە، بەڵام ناتوانم کاتەکەی دیاری بکەم.
