راگەیێندراوی کۆبوونەوەی ئۆباما و بارزانی: پشتیوانیی بۆ کوردو دەستووری عێراق
سەرۆک ئۆباما بەشداریکرد لە کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی لەگەڵ بایدنی جێگری سەرۆک و مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەوان باسی کۆمەڵێک بابەتیان کرد، لەوانە هەڵمەتی تێکشکاندنی داعش، هەروەها ئەو دەستپێشخەرییە سیاسییانەی کە بەڕێوەدەچن بۆ بەدەمەوەچوونی خەڵکی عێراق و هاندانیان بۆ هاوکاریکردنی زیاتری گشت پێکهاتەکان.
سەرۆک ئۆباما و جێگری سەرۆک بایدن، جارێکی دیکە پشتیوانیی بەهێز و بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و گەلی کورد دووپاتکردەوە. هەروەها ئەوان پابەندبوونی ئەمریکایان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی بۆ عێراقێکی فیدراڵی دیموکراتی یەکگرتوو دووپاتکردەوە، هەروەک لە دەستووری عێراق ئاماژەی بۆ کراوە.
سەرۆک ئۆباما و جێگری سەرۆک بایدن، ستایشی ئازایەتی پێشمەرگە کوردەکانیان کرد، هەروەها ماتەمینی خۆشیان بۆ قوربانیانی شەڕی دژی داعش لە هەموو عێراق دەربڕی.
سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆک ئۆباما و جێگری سەرۆک بایدنی کرد بۆ ئەو هاوکارییە سەربازییانەی کە ئەمریکا لەرێگەی حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە پێشکەشی پێشمەرگەی کردووە، هەروەها بۆ ئەو هاوکارییە سەربازیانەی لەدوای رووخانی موسڵەوە بۆ پاراستنی هەولێرو بەشەکانی دیکەی عێراق پێشکەشکراون. هەردوولاش رێککەوتن لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها پابەندبوونیان بە هاوکاریکردنی ملیۆنەها خەڵکی ئاوارە کە بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە ماڵوحاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.
رووداو
