ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان چەند بڕیارێكی پەسەند كرد

ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان چەند بڕیارێكی پەسەند كرد
ئەمڕۆ سێشەممە 5/5/2015 ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، دانیشتنی دووەم و كۆتاییی كۆبوونەوەی خۆی ساز دا، كە دوێنێ دووشەممە 4/5/2015 دانیشتنی كۆبوونەوەی یەكەمی دەست پێكردبوو. لە كۆبوونەوەكەدا كاریگەریی بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان لەسەر پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كرا و چەندین سەرنج و ڕا و تێبینی خرانە بەر باس و لەپێناو چۆنییەتیی برەودان بە هەموو بوارەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا، چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست پەسەند كران و جەخت لەسەر پابەندیی بە كوالێتیی بەرز لە ئەنجامدانی پڕۆژەكاندا كرایەوە. هەروەها ڕاپۆرتی لێژنەی پێكهێنراو لە لایەن سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ بەدواداچوونی پرۆژە كێشە لەسەرەكانی نیشتەجێبوون خوێنرایەوە كە تیایدا چەندین خاڵ و پێشنیاز و چارەسەری خرانە ڕوو و لە لایەن ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە پەسەند كرا. لەوانەش پەسەندكردنی پازدە پێشنیاری لیژنەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەی پرۆژەكانی نێشتەجێبوون، هەروەها كۆمەڵێك بڕیاری تایبەت بەو پڕۆژانە كە كێشەی گەورەیان تێدایە. هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا كۆنفرانسێك ساز بكرێت بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەت و ستراتیژییەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان تا ببێتە بنەمایەك بۆ هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان و داڕشتنی سیاسەتێكی نوێی وەبەرهێنان كە لەگەڵ پێداویستییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا بگونجێت و لیژنەیەكی ئامادەكاری بۆ دیاری كرا. كۆبوونەوە بڕیاری دا لیژنەیەك پێك بێت بۆ دانانی پێوەر بۆ ئەو پڕۆژانەی كە داوای مۆڵەتیان بۆ كراوە، بە تایبەت پڕۆژەكانی قەزا و ناحییەكان كە پێویستیان بە هاندانی زیاتر هەیە. لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان وەزارەتەكان و پارێزگاكان و لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەت لەگەڵ دەزگای وەبەرهێناندا هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە دێنە سەر ڕێگەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و هەروەها بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی بەپەلەی گیروگرفتەكان.
Top