بروانامەى ساختەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى پەروەردە ئاشکرا دەکرێت

بروانامەى ساختەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى پەروەردە ئاشکرا دەکرێت
بە فەرمانێکی وەزیری پەروەردە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی مامۆستایان دەکرێت و بڕوانامە ساختەکان ئاشکرا دەکرێن، بەرپرسێکیش ئاشکرای دەکات لە وەزارەتی پەروەردە لیستی ناوی ئەو کەسانە ھەیە کەوا بڕوانامەی ساختەیان ھەیە.

مامۆستا عەبدولرەزاق ئەحمەد بەرێوەبەری کاروباری تەکنیکی و بڕوانامەکان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەولێر بە (باس)ی راگەیاند: بە فەرمانی وەزیری پەروەردە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بڕوانامەی مامۆستایان پێکھاتووە، لیژنەکە کەسانی شارەزای لە بواری بروانامە و کاروباری یاسایی تێدایە و لە لایەن وەزیر دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە، لە گەڵ ئەو لیژنەیە لە ھەر پارێزگایەکیش لیژنەیەکی تری لێکۆڵینەوە پێکھاتووە بۆ ساخکردنەوەی بڕوانامەکان.

عەبدولرەزاق ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا سکاڵای زۆر ھەیە لە سەر ھەبوونی بڕوانامەی ساختە و پشتراستنەکردنەوەی بڕوانامەکانی دەرەوە، گوتیشی:دۆسیەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی ھەر پەروەردەیەک لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت، کارەکە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و کەلار دەگرێتەوە و ھیچ کەس بەدەر ناکرێت.

بەرێوەبەری کاروباری تەکنیکی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەولێر رونیکردەوە : لیژنەکەی وەزارەتی پەروەردە بە لیست ناوی زۆری ئەو مامۆستایانەی لە لایە کەوا بڕوانامەی ساختەیان ھەیە، یان بڕوانامەکانیان جێگەی گومانە، جگە لەو لیستە خەڵکی واھەیە پێشووتر پەردەپۆشکراوە ،بەڵام ئەمجارە چاوپۆشی لە کەس ناکرێت ھەر پلەیەکیشی ھەبێت.

بەپێی یاسای سزاکانی عێراقی ھەر کەسێک تۆمەتی بڕوانامەی ساختەی بەسەر ساخ بێتەوە، زیندانی دەکرێت و غەرامەش دەکرێت.

عەبدولرەزاق ئەحمەد جەختی کردەوە دوای ئاشکراکردنی بڕوانامە ساختەکان ناوی مامۆستا و فەرمانبەرەکان دەنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستنیشانکردنی سزای ساختەکاران، یاسا وەکو خۆی لەسەر ئەو کەسانە جێبەجێ دەکرێت و وەزیری پەروەردەش سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەکات.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە ھێمای بۆ ئەوەکرد پێشووتر لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بڕوانامەکان پێکبھێندرێت، بەڵام یەکەمجارە لەسەر ئەو ئاستە بەو شێوەیە بێت.

میلاکی وەزارەتی پەروەردە ١٦٥ ھەزار کەسە، کە بە گوتەی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان نزیکی ١٢٣ ھەزار مامۆستا لە وەزارەتی پەروەردە ھەیە و دۆسیەیان ھەیە.
Top