هەتا زانایانی ئیسلام شەڕی فیكری توندڕەوی بكەن فیكری داعش لە كوردستاندا جێگەی نابێتەوە

هەتا زانایانی ئیسلام شەڕی فیكری توندڕەوی بكەن فیكری داعش لە كوردستاندا جێگەی نابێتەوە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان د.ئیبراهیم هەرشەمی مامۆستای پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان لە هەولێر بۆ گوتى: بنەما زانستییەكانی فیقهی ئیسلامی بریتین لە كۆمەڵێك بنەمای زانستی، ئەم بنەمایانە كۆمەڵێك رێكخستن و رێچكەی خۆی هەیە، لەسەر ئەو پرەنسیپانە مامەڵە لەگەڵ دەقەكانی قورئانی پیرۆز و فەرمایشتەكانی پێغەمبەر (د.خ) دەكرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ناكرێت دەقی ئایەتێك، یان تەنها فەرمایشتێكی پێغەمبەر(د.خ) وەربگرن و بەشێوەیەكی یەكلایەنە تەفسیری بۆ بكەن. لایەنێكی دیكە كە پێویستە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دەق و فەرمایشتەكان رەچاوی بكەین، ئەوەیە ئەم دەق و فەرمایشتانە بە زمانی عەرەبی هاتوون، ئەم زمانەش دەوڵەمەند و فراوانە و بریتییە لە (مەجاز و هەقیقەت و عام و خاس و موتڵەق) هەروەها لە سوننەتەكانی پێغەمبەریش (د.خ)، سوننەتی كرداری هەیە،

ئیبراهیم هەرشەمى هەروەها گوتی: پێش هەموو شت بوونی تەفسیری جیاواز بۆ دەقەكان، یەكێكە لە مەبەستەكانی پەروەردەگار، هەربۆیە لەبەر ئەوەی قورئان بە زمانی عەرەبی هاتووە و پێغەمبەریش ( د.خ) لە ناو ئەو ژینگە عەرەبییە پەروەردە بووە و زمانی عەرەبیش چەندین رووی هەیە كە بە عەرەبی پێی دەڵێن: (حمالة الاوجة)، ئەوا دەق و فەرمایشتەكانیش چەند مانایەكی جیاواز لە خۆ دەگرن و تەفسیری جۆراوجۆریان لەسەر دەكرێت، ئەم حاڵەتە لەسەردەمی پێغەمبەر( د.خ) و لە نێوان هاوەڵاكانیشدا بوونی هەبووە و گەلێك جار هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) بە شێواز و مانای جیاواز فەرمایشتەكانی پێغەمبەریان ماناكردووە، هەر بۆ نموونە: پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێت: (لا يصلين أحد العصر إلا في بني قريظة)، هەندێك لە هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) بەوجۆرە تەفسیریان كردووە بەوەی دەبێت نوێژی عەسر ببەنە بەنی قورەیزه.

شايانى باسه هەرشەمى هەروەها گوتی: پێش هەمووشت دیاردەی توندڕەوی تایبەت نییە بە ئایینێكی دیاریكراو، راشكاوانەتر تایبەت نییە بە ئایینی ئیسلام، بەڵكو دیاردەی توندڕەوی پەیوەندی بە خودی مرۆڤەكانەوە هەیە و لەناو زاتی مرۆڤەكاندا بوونی هەیە. پەروەردگار هێزێكی تووڕەیی (قوة الغضب)ی لە مرۆڤەكاندا درووست كردووە، هەربۆیەش پێغەمبەرانی ناردووە و شەرعی داناوە بۆ ئەوەی ئەم هێزی تووڕەییە كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەوجا ئەم هێزی تووڕەییە كە توندڕەوی بەرهەم دەهێنێت، بە شێوازی جیاواز بەكار هاتووە، هەیە بۆ ئارەزووەكانی گەیشتن بە دەسەڵاتە، هەیە بۆ پاراستنی هۆزەكەی و سەركەوتنی بەسەر هۆزێكی دیكەیە، هەیە بۆ توندڕەویی ئایینیە، دیارە موسڵمانانیش مرۆڤن وەك هەر مرۆڤێكی دیكە و لەناو ئەوانیشدا هەیە كە توندڕەوی بەرهەم دەهێنێت، ئەم توندوتیژییە لە چەند روویەكەوە سەرچاوە دەگرن. یان ئەوەیە رەچاوی ئەو بنەما زانستییانە ناكەن كە مامەڵەی لەگەڵ دەق و فەرمایشتەكان پێدەكرێت، یان ئەوەیە ئایەتێك، یان فەرمایشتێك وەردەگرن و یەكلایەنە تەفسیری بۆ دەكەن.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئیبراهیم گوتی: ئەگەر بە شێوەیەكی واقیعی دوور لە كاردانەوەی توندڕەوی سەیری ئەم گرووپە بكەین، دەتوانین بڵێین: داعش رەفتاریان رەشە، بیركردنەوەیان رەشە، دڵیان رەشە و جلیشیان رەشە و كۆمەڵێكن تێڕوانینێكی رەشیان بۆ ئایین و ئیسلام هەیە، بەڵام سوپاس بۆ خوا لە كوردستاندا ئەم بیرە رەشە بوونی نییە.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1024)
Top