سەرۆك بارزانی لەم سەردانەیدا بۆ واشنتۆن دەتوانێت دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا باس بكات

سەرۆك بارزانی لەم سەردانەیدا بۆ واشنتۆن دەتوانێت دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا باس بكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئەمازیا بارام پسپۆڕ و تایبەتمەند لە سیاسەتی ئەمریكا و عێراق بۆ گوتى: سەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی بۆ ئەمریكا زۆر زۆر گرنگە، دەمەوێت بە بیرتان بهێنمەوە، كە لە ئێستادا نەك تەنها سەرۆك ئۆباما ئامادەیە پشتگیریتان بكات و پێشوازی لە بارزانی بكات، بەڵكو بەم دواییە كۆنگرێسیش تا راددەیەكی زۆر پشتگیرییەكی گەورەی كورد دەكات، ئەمەش واتە هەم ئیدارەی ئەمریكا و هەم كۆنگرێس كۆكن لەسەر ئەوەی هاوكاریتان بكەن. ئەمەش زۆر زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهۆ لەگەڵ ئەوەی لەناو كۆنگرێسی ئەمریكا خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە، بەڵام لەناو كۆشكی سپی بەو ئاستە نییە، ئەمەش لەوەڕا دەركەوت ئۆباما رەتیكردەوە بانگهێشتی نەتنیاهۆ بكات بۆ ئەوەی لە كۆنگرێس گفتوگۆیەكی جددی بكەن، بەڵام ئامادەیی ئۆباما بۆ كاركردن لەگەڵ كۆنگرێسدا لەسەر پرسی كورد گرنگییەكی گەورەی هەیە.

ئەمازیا بارام هەروەها گوتی: هێشتا لە نێوان كۆشكی سپی و كۆنگرێسدا لەسەر هاوكاری ئیدارەی ئۆباما و كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر شەڕی داعش جیاوازی هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا لەگەڵ ئەوەدان پشتیوانی لە كورد بكرێت و كەل و پەلی باشیان پێ بدرێت. لێرەدا من شتێكی دیكە دەڵێم، بە ماوەیەكی كورت دوای داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، من شەخسی خۆم لە ئیسڕائیل چاوم كەوت بە بەرپرسێكی زۆر گرنگی ئەمریكا – كە ناتوانم ناوەكەی بڵێم-، ئەو بە زۆری سەرۆك دەبینێت و راوێژ و شیكردنەوە دەداتە ئەنجومەنی ئاسایش لە واشنتۆن، ئێمە گفتوگۆمان لە بارەی داعشەوە كرد و من پێموت پێویستە لەو راستییە تێبگەن كە تاوەكو سەرۆك وەزیران نوری ئەلمالیكی بە تەواوەتی لانەدرێت، ناتوانن یارمەتی بەغدا و حكومەتی شیعە لە بەغدا بدەن، كاتێك نوری مالیكی لادرا، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانن لێرە و لەوێ یارمەتیان بدەن.

شايانى باسه بارام هەروەها گوتی: ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە هێزەكانی پێشمەرگە لە باكووری موسڵ ئەنجامیان دا، نەك هەر تەنها سەركەوتوو بوو، بەڵكو بووە جێی دانپێدانان و رێزێكی زۆر لەلایەن رۆژئاواوە. لە ئەمریكا كۆنگرێس و سەرۆك ئۆباما زۆر سەرسام بوون، هەروەها لە ئەوروپاش ناتۆ. بە دڵنیاییەوە ئەمە وابوو. ئەمە حاڵەتەكە بوو لەو كاتەدا، بەڵام لە ئێستادا ئەوە روونە كە تاكە هێزێك لە عێراقدا كە توانای شەڕكردنیان هەبێت لەدژی داعش- بێ ئەوەی هێزی ئێرانیان لەگەڵدا بێت- بریتییە لە كورد. من ناڵێم سوننەكان ناتوانن شەڕی داعش بكەن، چونكە لە ئێستادا هەندێ لە هێزە خێڵەكییەكان هاوكاری بەغدا دەكەن بۆ شەڕكردن لە دژی داعش، بەڵام زۆرێك لە خێڵە سوننییە عەرەبییەكان خۆیان یەكلانەكردۆتەوە، چونكە حكومەتی بەغدا كارێكی كەمی كردووە لە چاو ئەو داواكارییانەی ئەوان كردوویانە، لەبەر ئەوە ئەوان دڵنیا نین. كە پێویستە رازی بكرێن و وایان لێ بكرێت هاوكار بن.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئەمازیا گوتی: دەبێت ئاگادارتان بكەمەوە كە دەستبەجێ ئومێدێكی زۆر گەورەتان بۆ دروست نەبێت، چونكە ئەمریكیەكان كەسانی واقیعین و میسالی نین و ئەوان «ریال پۆلەتیك» پیادە دەكەن، ئەوەی ئێستاش كە ئامادەی ئەنجامدانی كارێكن كە پێشتر ئامادە نەبوون زۆر گرنگە، بەڵام من گومانم هەیە- ئەگەرچی ئومێد دەكەم- لەوەی ئەوەندە دوور بڕۆن. ئەوەی پەیوەست بێت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانە ئەوا ئەمریكا كونسوڵگەری هەیە لە هەولێر- ئەمەش سەرەتایەكی زۆر باشە- بەڵام تاوەكو دان بە سەرخۆیی كوردستاندا نەنرێت، ئەوا ناكرێت باڵیۆز هەبێت. چونكە ئەمە پێویستی بە دەوڵەت هەیە، بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ. كەواتە ئەمریكا تاوەكو وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە كوردستانی عێراق نەڕوانێت، ئەوا ناتوانێت باڵیۆز بنێرێت.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1024)
Top