یەکگرتوو، بە ئومێدەوە دەڕوانینە سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمەریکا
بەپێی ڕاگەیێندراوێك، ئەمڕۆ 3ی ئایار، مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا چەند پرسێكی تاوتوێ كردووە.
دەربارەی سەردانی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا، مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی بە ئومێدەوە لەم سەفەرە دەڕوانێت؛ "سەبارەت بە سەفەری سەرۆكی هەرێم بۆ ئەمریكا، مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە ئومێد و ئیجابیەوە دەڕوانێتە ئەم سەفەرە، لەم كات و دۆخەدا."
مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو، هێمای بەوە كردووە پشتیوانیی پڕۆژەی كۆنگرێس دەكەن بۆبڕیاری پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە، لە كۆبوونەوەكەدا هاتووە: "ئێمە پێشوازیی لێ دەكەین و دەكرێت سەرەتایەكی بەهێز بێت بۆ ئاییندەیەكی گەشی سیاسی بۆ میللەتەكەمان، چونكە پێشمەرگە ئەمرۆ لە جیاتی جیهان دژی تیرۆرزمی جیهانی (داعش) دەجەنگێت و پارێزگاری لە بەشێكی فراوانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات؛ بۆیە مافی خۆیەتی پڕچەك بكرێت، نەدەبوو بەم شێوەیە خوێندنەوەی نادروست بۆ ئەو پڕۆژەبڕیارە بكرێت لەلایەن هەندێك كەس و هێز و لایەنی عێراقییەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەبوو داكۆكی لە پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە بكرێت، چونكە مافێكی دەستوریشە، چەندین ساڵە سوپای عێراقی كە لەلایەن ئەمریكاوە ڕاهێنانی پێ دەكرێت و پڕچەك دەكرێت و، پێشمەرگە بێبەش دەكرێت.
سەبارەت بە كاردانەوە جۆراوجۆرەكانی هەندێك پێكهاتەی سیاسی لە بەغدا لەسەر پڕۆژەبڕیاری ئامادەكراوی كۆنگرێس بۆ پڕچەككردنی پێشمەرگە و سوننە، یەكگرتوو كاردانەوەكان بە چاوەڕواننەكراو دەزانێت، هاتووە: "چونكە بە هۆی سیاسەت و بڕیارە چەوتە یەك لە دوای یەكەكانی دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق لە سیاسەتی پەراوێزخستن و لە پابەندنەبون بە ڕێککەوتننامەكان و جێبەجێنەكردنی دەستوور و نەپاراستنی هاوسەنگی لە ئیدارەكردنی دەسەڵات و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی پێكهاتەكانی (كورد و عەرەبی سوننە) بێ گومان ئەوسیاسەتە هەڵانه بوو عێراقی بەم دۆخە سیاسیە گەیاندووە كە هێزێكی تیرۆریستی پەلاماری عێراق بدات و، بەشێكی گەورەی داگیر بكات.
