پەرلەمان پرسی پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور دەخاتەوە بەر باس
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان (فەخرەددین قادر) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە سبەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فڕاكسیۆنەكان جارێكی دیكە لەبارەی پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوورەوە كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە و كۆتایی پێ بێت".
(فەخرەددین قادر) گوتیشی: "هەنگاوی زۆر باش بۆ پێكهێنانی ئەو لیژنەیە نراوە و لە ئێستادا تەنیا یەك خاڵی جیاواز ماوە ئەویش ئەو فڕاكسیۆنانەن كە یەك كورسییان هەیە و چۆن لەو لیژنەیەدا بەشدار بن، لە لیژنەكەیشدا پارتی حەوت كورسی، گۆڕان پێنج، یەكێتی چوار، یەكگرتوو دوو، كۆمەڵی ئیسلامی یەك و مەسیحی و توركمان هەر یەكەیان كورسییەكیان بەر دەكەوێت، لە ئێستایشدا ئەوانەی یەك كورسییان هەیە، هەوڵ دەدەین سبەی ئەوەیش یەكلا بكەینەوە و میكانیزمیكی دادپەوەرانە بۆ ئەو پرسە بدۆزینەوە".
