د.مووسا کەڤاڵ: تورکیا و پەکەکە داوایانە نێچیرڤان بارزانی پرۆسەی ئاشتی نێوانیان سەربخات

د.مووسا کەڤاڵ: تورکیا و پەکەکە داوایانە نێچیرڤان بارزانی پرۆسەی ئاشتی نێوانیان سەربخات
شارەزای کاروباری تورکیا (د. مووسا کەڤاڵ) دەڵێ، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و توانیویەتی تورکیا و پەکەکە لەیەک نزیک بکاتەوە و تەنانەت تورکیا و پەکەکە خۆیان داوای ھاوکارییان لە (نێچیرڤان بارزانی) کردووە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە.

تورکیا و دۆزی کردنەوەی لاپەڕەی ئاشتی کارێکی وا ئاسان نەبوو؛ بەتایبەت لە دوای جەنگێکی خوێناوی لەنێوان تورک و پەکەکەدا، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پێوەندیی ئابووری و دیپلۆماتیکی نێوان تورکیا و هەرێم، سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) دەروازەیەکی گرینگی بۆ تورکیا و پەکەکە کردەوە تا هەردوو لا بێنە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتیی، پێوەست بەم پرسەیشەوە
(د. مووسا کەڤال) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) جێگەی متمانەی کورد و، ڕێبەری پەکەکەیە و، تورکیاش باشی دەناسن و، گرنگییەکی زۆر دەدەنە ڕۆڵی ئەو لە چارەکردنی پرسی کورد و لێکنزیکردنەوە پەکەکە و تورکیادا، کە یەکێک لە ئاستەنگەکان بەردەم چارەسەرکردنی پرسی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا، بێ‌متمانەییە، چونکە تورکیا و پەکەکە متمانەیان بە یەکتری نیە، بۆیە ڕۆڵی (نێچیرڤان بارزانی) گرنگە بۆ ئەوەی بتوانێ لە یەکیان نزیک بکاتەوە و دەروازەیەکی گرینگیشی بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە تورکیادا کردووەتەوە.
(د. مووسا کەڤاڵ) جگە لەوەی ڕۆڵی متمانە لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا بە خاڵێکی گرینگ دەبینێت و، ڕۆڵی (نێچیرڤان بارزانی) لەو نێوەندەدا بۆ هەردوو لا بە گرینگ دەزانێت کە پێداگری لە چەسپاندنی ئاشتی دەکات، هاوکات (کەڤاڵ) دەیشڵێت، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆی لە لێکنزیکردنەوەی تورکیا و پەکەکە بینیوە، ئەوەی بە ئاشکرا ھەیە پرۆسەی چارەسەری قۆناغی بڕیوە؛ دوای ھەڵبژاردنیش ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و (ئۆجەلان)ـیش باسی لەوە کردووە کە پشتی (ئەردۆگان)ـی گرتووە بۆ ئەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی لە تورکیا دابنرێت.
ئێستا هەم تورکیا و هەمیش پەکەکە داوایانە لە (نێچیرڤان بارزانی) کە زیاتر هاوکاری پرۆسەی ئاشتی بێت لە تورکیا، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە بەگوتەی (مووسا کەڤاڵ) سەرۆکوەزیزرانی کوردستان هێندە بایەخی بەو پرسە داوە تا وای لێ هاتووە تورکیا و پەکەکە داوایان لێی کردووە کە ھاوکار بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەر بگریت.
(مووسا کەڤاڵ) دەیشڵێ، پێویستە تورکیا وەک دەوڵەت و پەکەکە وەک پارتێک بە پیر ئەو ڕۆڵەی سەرۆکوەزیرانەوە بێن، چونکە ھەرێمی کوردستان گرنگی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاش ھەیە و (نێچیرڤان بارزانی)ـیش وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێم گرینگییەکی زۆری لەو پرۆسەیەدا ھەیە.
(کەڤاڵ) هەوڵەکانی (نێچیرڤان بارزانی) وەها بە گرینگی لێک دایەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی کە ڕەنگە لە بەرەنجامی ئەو هەوڵانەدا ئاخری تورکیایش وەک هەرێمی کوردستان هەوڵی چارەکردنی کێشەکان بدات، وەک چۆن لە هەرێمی کوردستاندا کەشێکی دیموکراتیک و فیدراڵی هەیە، وەهایش تورکیا لاسایی هەرێم بکاتەوە و دەروازەیەک بکاتەوە بۆ چارەکردنی کێشەکان و چەسپاندنی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا.
Top