نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر بەغدا وەک کڕیاری نەوت مامەڵە بکات، دەبێ رێککەوتنێکی دیکە بکەین
(نێچیرڤان بارزانی) ئێوارەی ئهمڕۆ شەممە، باسی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و جەجتی کردەوە کە "ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە رادەستی بەغدا دەکات، بۆیە چاوەڕێین یاسای بوودجە ئیتر جێبەجێ بکرێت".
لە 2/12/2014 حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رۆژێکدا لەژێر چاودێریی بەغدا، لە بەرامبەردا ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵی2015 و بوودجەی پێشمەرگە. وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئەو رێککەوتنە لەلایەن هەولێرەوە جێبەجێ کراوە، بەڵام هێشتا بەغدا بوودجەی هەرێمی کوردستانی لە بوودجەی گشتیی عێراق نەناردووە.
(نێچیرڤان بارزانی) لە لێدوانەکەیدا رایگەیاند، بەپێی ئەو رێککەوتنە دەبوو بەغدا مانگانە ترلیۆنێک و 200 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان بناردایە. گوتیشی "رێککەوتنی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای بوودجە بووە".
نێچیرڤان بارزانی، كه لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، دوای ئەوەی ماڵئاوایی لە سەرکوەزیرانی کەنەدا کرد، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە سەردانەکە کرد و بە "گرینگ" وەسفی کرد. گوتی "سەردانێکی گرینگ بوو، حکوومەتی کەنەدا هەر لە سەرەتای شەڕی داعشەوە هاوکاریی مرۆیی و سەربازیی هەرێمی کوردستانی کردووە، لەم سەردانەیشدا سەرۆکوەزیرانی کەنەدا جەختی لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە کردەوە".
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، بەرەکانی شەڕی داعشی بەسەر کردەوە. (نێچیرڤان بارزانی) ئەوەشی بە گرینگ لەقەڵەمدا و گوتی "سەرۆکوەزیرانی کەنەدا سەرسام بوو بە هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵێنیشی دا هاوکاریی زیاتری پێشمەرگە بکات".
(نێچیرڤان بارزانی) لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو وەڵامی نیگەرانیی ئەو لایەنە عێراقییانەیشی دایەوە، کە دژی پرۆژەبڕیارێکی کۆمارییەکانی ئەمهریکا وەستاونەتەوە. لەو بارەیەوە گوتی "دەبێ بزانین ئەو بڕیارە بۆ دراوە، پێشتر سەرۆکوەزیرانی پێشوو رەزامەندی نەدا هاوکاریی سەربازیی بگاتە هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارەی ئەمهریکاش بۆئەوەیە تاوەکو دڵنیابن چەک دەگاتە دەست پێشمەرگە، چونکە پارەکە خۆی دەیدات". سەبارەت بە نیگەرانیی لایەنە عێراقییەکانیش گوتی "باش لە بڕیارەکە تێنەگەیشتوون".
ئەو پرۆژەبڕیارە ئەگەر پەسەند بکرێ ئەمهریکا راستەوخۆ چەک بۆ پێشمەرگە دەنێرێ
