تەوەری سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپا
ئەمڕۆ شەممە 2ـی 5ـی 2015 (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی سەردانی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەورووپایی بە یاوەری شاندێك لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێ كەوت.
لەم سەردانەدا (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆك و گەورەبەرپرسانی حكوومەت و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەورووپایی كۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانی (سەرۆك بارزانی) و شاندە یاوەرەكەی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیە لەبارەی شەڕی داعش و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەكە و ئازادكردنی مووسڵ و ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپایی.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم سەردانەدا (مەسرور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و (قوباد تالەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سرووشتییەكان و (دەرباز كۆسرەت ڕەسول) وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت یاوەری (سەرۆك بارزانی) دەبن.
