سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گەیشتە هەولێر
"سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێدەکرێت و بڕیارە کۆبوونەوەکە هەر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەنجامبدرێت و دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا هەولێر جێبهێڵێت".
سەبارەت بەو شاندەی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەشدار دەبن، "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ شەممە 2-5-2015 جگە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری پێشمەرگە و وەزیری پلاندانان بۆ پێدانی دوایین زانیاری بە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەسەر شەڕی داعش و زانیاری لەسەر ئاوارەکان و رەوشی ژیانیان و ژمارەی ئاوارەکان بەشدار دەبن".
هەروەها شاندەکەی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بەپێی زانیارییەکان پێکدێت لە وەزیری بەرگری و وەزیری گەشەپێدانی مرۆیی و ستافێکی گەورەی لە حکومەتی کەنەدا.
کەنەدا لەرووی سەربازییەوە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە و ئێستا ٦٩ سەرباز و راهێنەری سەربازی ئەو وڵاتە لە باشووری کوردستان مەشق بە پێشمەرگە دەکەن ، هەروەها یەکەمین وڵاتیش بوو رۆبۆتی مین هەڵگرەوەی پێشکەش بەهێزی پێشمەرگە کرد، کە دەتوانرێت لە پاککردنەوەی ئەو ناوچانەدا سودی لێببینرێت، کە داعش دوای چۆڵکردنی مینڕێژیان دەکات.
ماوەیەک لەمەوبەر کەنەدا ئەرکە سەربازییەکەی لە عێراق و سووریا و لێدانی داعش بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیارەکە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسەند کرا، بەپێی زانیارییەکانی رووداویش لە کەنەدا پارتی کۆنسێرڤاتیڤ کە پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەیە جەخت لە لەناوبردنی داعش دەکاتەوە، لەماوەی نۆ مانگی رابردووشدا باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کە لە ئوردن دادەنیشێت، ٩ جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
رووداو
