كەمال كەركووكی: هەر كەس و لایەنێك هەوڵی بەهەرێمكردنی كەركووك بدات، ریسوا دەبێت
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك و قەزای دووبز (د. كەمال كەركووكی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بۆ ئەوەی كورد كیانێكی یەكگرتوو و سەربەخۆ نەبێت، بەردەوام و بە درێژایی مێژوو دوژمنان هەوڵیان داوە كوردستان پارچە پارچە بكەن، بۆیە خەڵكی كوردستان بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەن شاری كەركووك بەهەرێم بكرێت و لە كوردستان جیا بكرێتەوە، خۆ ئەگەر هەر جۆرە حاڵەتێكی وەهایش بە تەواوی روون ببێتەوە و هەرجۆرە كەس و لایەنێك بێت، لەلایەن گەلی كوردستانەوە ریسوا دەبێت".
(كەركووكی) گوتیشی: "هەر كەسێك هەوڵی بەهەرێمكردنی پارێزگای كەركووك بدات و لە هەرێمی كوردستانی جیا بكاتەوە بۆ بەرژەوەندیی تەسكی كەسی و حزبی، ئەمە بە هیچ جۆرێك قبووڵكراو نییە و گەلی كورد ئەم جۆرە كەس و لایەنانە ریسوا دەكات، خەڵكی كوردستان لە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی قبووڵ نەكرد كوردستان داگیر بكەن و پارچەی بكەن، ئەم پیلانانەی ئێستایش بۆ جیاكردنەوەی كەركووك و بەهەرێمكردنی، شێوازیكی دیكەیە لە پیلانی دوژمنانی گەلی كورد".
هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەدان شەهید و برینداری داوە تاكو مەترسیی تیرۆریستانی داعشی لەسەر شاری كەركووك دوور خستووەتەوە، بەڵام لە ڕێگەی پەیامی هەندێکی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە دەبیسترێ کە ئێستا چەند هەوڵێك بۆ بەهەرێمكردنی شاری كەركوك و جیاكردنەوەی لە هەرێمی كوردستان، لەئارادان.
