سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سوپاسالاری بریتانیا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سوپاسالاری بریتانیا دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕیچارد باڕۆنز سوپاسالاری بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ئەنگۆس مكی كۆنسولی بریتانیا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای بریتانیا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوێ كرا، بیروڕایش سەبارەت بە پڕۆسەی ئازادكردنی موسل و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسل و ئامادەكارییەكانی هێزەكانی عێراقی بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە شكستدانی تیرۆریستان و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و پڕۆسەی مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە بە نموونەیی وەسف كرد.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا سوپاسالاری بریتانیا پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە هەموو قۆناغ و دۆخێكدا دووپات كردەوە.
Top