ئەمڕۆ هێزەکەی پێشمەرگە لە کۆبانێ دەگاتەوە باشووری کوردستان
دوای نزیكەی 7 مانگ لە رۆیشتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە باشوورەوە بۆ كۆبانێ و هاوكاریكردنی هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG و یەكینەكانی پاراستنی ژنان YPJ لە شەڕ دژی چەكدارانی داعش، بە بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە و دوای كۆنترۆڵكردنەوەی كۆبانێ و گوندەكانی دەورووبەری، ئەو هێزە دەگەڕێتەوە باشووری كوردستان.
هێزەکە لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە جووڵەیان کردووەو شەوی رابردوو گەیشتنە پرسووس لە باكووری كوردستان ، کە دەكەوێتە سەر سنووری كۆبانێ. بەیانی ئەمڕۆش لە فڕۆکەخانەی رووهاوە بەڕێکەوتن و راستەوخۆ دەگەنەوە هەولێر.
عەمید تەلعەت زراری، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ رایگەیاند: هێزەكەمان لە 123 پێشمەرگە پێكهاتووە، سەرجەممان بە فڕۆكە دەگەڕێینەوە باشووری كوردستان، جگە لەو 12 پێشمەرگەیەی كە ئۆتۆمبێلەكانی هێزی پێشمەرگە بە رێگای زەمینی دەهێننەوە".
چوار كاروانی هێزی پێشمەرگە رۆیشتنە كۆبانێ. لەماوەی بەرگرییان لەو شارە 1 شەهید و چەند بریندارێكیان دا لەشەڕ لەگەڵ چەكدارانی داعش هاوشانی هێزەكانی YPG و YPJ .
روداو
