سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی سەرۆك مام جەلال دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی سەرۆك مام جەلال دەكات
سێشەممە 28ـی 4ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی هەواڵپرسین، لە شاری سلێمانی سەردانی سەرۆك مام جەلالی كرد و بەگەرمی لەلایەن بەڕێزیانەوە پێشوازیی لێ کرا.

لەو دیدارەدا كە هەریەك لە بەڕێزان كۆسرەت رەسوڵ عەلی و دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە دیدار و چاوپێكەوتنی سەرۆك مام جەلال دەربڕی، بەتایبەت كە تەندروستییان زۆر باشە و لە بەرەو پێشچونی بەردەوامدایە، سەرۆك بارزانی وێڕای تەئكید كردنەوە لەسەر گرنگیی رۆڵی سەرۆك تاڵەبانی لە پێشهات و گۆڕانكارییەكاندا، ڕایگەیاند: بە تایبەت هاتووم بۆسلێمانی تا سەردانی جەنابتان بكەم و لە نزیكەوە هەواڵتان بپرسم، هاوكات بۆ ئەوەی بەڕێزتان ئاگاداربن چەند رۆژێكی تر لەسەر بانگهێشتێکی فەرمیی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، سەردانی ئەو وڵاتە دەكەم.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی تیشکی خستە سەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە هەمو بوار و ئاستەكاندا بە تایبەت دوای تێكشكاندنی داعش لە چەندین ناوچە و ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق، جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری بیری توندڕۆیی ببینەوە.

لە بەرانبەردا، سەرۆك مام جەلال دڵخۆشیی خۆی بەو پێشكەوتنە مەیدانیانەی كە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بۆكرد، دەربڕی و هاوكات خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ئەمریكا، دەربڕی.

لە كۆتاییدا سەرۆك بارزانی هیوای تەندروستیی باشتری بۆ سەرۆک مام جەلال خواست و رایگەیاند دوای سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، سەردانی دەكاتەوە تا ئەنجامی كۆبونەوە و چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ گەورە لێپرسراوانی حكومەتی واشنتن بە بەڕێزیان رابگەیەنێت، سەرۆك مام جەلالیش سوپاسی كرد. دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەش، سەرۆک بارزانی بە گەرمی لەلایەن سەرۆک مام جەلال و جێگرانی سكرتێری گشتی و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە بەڕێ خرا .
Top