سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە ڕادیۆی هێلین دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە ڕادیۆی هێلین دەکات
به‌ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان

به‌ڕێزان بەڕێوەبەر و کارمەندانی ڕادیۆی هێلین

سڵاو و ڕێز..

بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی ڕادیۆی هێلینەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتن وبەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

خۆشحاڵم کە ڕادیۆیەکی تایبەت بە ئافرەتان بەوشێوەیە سەرکەوتوانە کار دەکات و دەنگتان دەگاتە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان. دەستخۆشیش لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکەم کە ڕادیۆی هێلینیان دامەزراندووە تا بتوانێت ببێتە کەناڵێکی ڕاستگۆیانە بۆ بەرگرییکردن لە مافی ئافرەتانی کوردستان و گرینگیی بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان بدات.

ئەرکی ئێوەی ئافرەتانی ڕاگەیاندنکار بەگشتی و کارمەندانی ئەو ڕادیۆیە زۆر گرینگ و هەستیارە و پێویستە وێڕای بەرگرییکردن لە مافی ئافرەتان و پاراستنی بەها بەرزەکانی گەلەکەمان و ئاساییشی کۆمەڵایەتی، لەهەمان کاتدا درێژەپێدەری ڕۆڵی پڕبایەخی ئافرەتی کورد بن لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا.

لەم دۆخەی ئێستادا کە لە شەڕی بەرگرییکردن لە خاک و کەرامەتی گەلەکەمانداین، ئەرکی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن لە هەرکاتێک هەستیارتر و گرینگترە. خۆشحاڵم کە دەبینم لەم ماوەیەدا ئێوە ئەرکێکی زەحمەتتر، بەڵام پیرۆزتان گرتۆتە ئەستۆ و بوونەتە دەنگی پێشمەرگە قارەمانەکانمان و هاوکات هەوڵتان داوە یەکە بەیەکەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بەسەر بکەنەوە.

دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوادارم هەر بەوشێوەیە لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەردەوامدا بن.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

28/4/2015
Top