وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاری نوێ بۆ قەرزی بچووک دەردەکات
"محەممەد ھاودیانی" وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند: قەرزی بچووک گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە و پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریە و ئامانجیشی رووبەڕوو بوونەوەیە بۆ نەھێشتنی بێکاری و ھەژاری، بۆیە دەبێت گرنگی زیاتری پێبدەین و چارەسەری ئەم کەم و کوڕیانەی بکەین کە ھەیەتی.
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی تیشکی خستە سەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھاوڵاتیان لە وەرگرتن و دانەوەی قەرزەکە تووشی دەبن و سکاڵایان ھەیە لەسەر شێوازەکەی، بۆیە بە گرنگ زانرا ھەرچی زووە چارەسەری ئەم کێشانە بکرێت و رێکاری درووست بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان سوودمەندبن.
محەممەد هاودیانی داوای کرد ئەو کەسانەی لەم سندوقە سوودمەندبوونە قەرزەکانیان دوانەخەن، بۆ ئەوەی سزا نەدرێن و مافی ھاوڵاتیانی تریش نەخورێت.
دواتریش گفتوگۆکرا لەسەر دواکەوتنی پێدانەوەی قەرزەکان و رێژەی سزاکە و کەمکردنەوەی رێژەی سزاکە و درێژکردنەوەی وادەی پێدانەوەی قەرزەکان و بڕیاردرا لە ھەفتەی داھاتوو ھەرچی تێبینی و رەخنە و پێشنیاری ھاوڵاتیان و بەڕێوبەرایەتیەکان ھەیە کۆبکرێتەوە و ئاراستەی وەزارەت بکرێت بۆ ئەوەی کارئاسانی و رێکارە یاساییەکان بگیرێتەبەر و رێنمایی نوێ بڵاوبکرێتەوە.
لەسەرەتای دامەزراندنی سندووقی قەرزی بچووک بۆ گەنجان تاوەکو ئێستا ٧٣١٥کەس تێیدا سوودمەندبوونە.
