هێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ دەکشێتەوە

 هێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ دەکشێتەوە
دوای نزیکەی 7 مانگ لە رۆیشتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە باشوورەوە بۆ کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان و هاوکاریکردنی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ لە شەڕ دژی چەکدارانی داعش، بە بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە و دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی کۆبانێ و گوندەکانی دەورووبەری، ئەمشەو هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەگەڕێنەوە.

عەمید تەڵعەت زراری، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "بڕیاری هاتنەوەمان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دەرکراوە و ئەمشەو دەگەڕێینەوە باشووری کوردستان".

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە سەبارەت بە چۆنێتی گەڕانەوەی ئەو هێزانە، گوتی: "124 کەسین و لەو رێژەیە 12 کەسمان لەگەڵ ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان دەگەڕێنەوە و ئەوانەی دیکە لە رێگەی ئاسمانەوە دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان و ئەو کەرەستە سەربازییانەی کە وەجبەی یەکەمی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ خۆیان هێنابوویانە کۆبانێ، ئێمە وەک وەجبەی چوارەم دەیانهێنینەوە هەرێمی کوردستان".

چوار کاروانی هێزی پێشمەرگە رۆیشتنە کۆبانێ. لەماوەی بەرگرییان لەو شارە شەهید و چەند بریندارێکیان دا لەشەڕ لەگەڵ چەکدارانی داعش هاوشانی هێزەکانی YPG و YPJ .

كاروانی یەكەمی هێزی پێشمەرگە لە 28 ی تشرینی یەكەمی 2014 لە هەولێرەوە بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوت، ماوەی 35 رۆژ لەوێ بوون و گەڕانەوە، كاروانی دووەمیش لە 3 ی كانوونی یەكەمی 2014 بەڕێكەوت، كاروانی سێیەمیش 15-1-2015 بەڕێكەوت و ئێستا کاروانی چوارەمی پێشمەرگە چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ هەرێمی کوردستان.









رووداو
Top