هەتا ئایین و دەوڵەت لە یەكتری جیانەكرێنەوە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو چارەسەر ناچن
نۆرما كلایر هەروەها گوتی: مەسەلەكە ئەوە نییە ئەمریكا بە دیاریكراوی پشتیوانی لە دیكتاتۆرە عەلمانییەكان كردبێت و پاڵپشتی لە دیكتاتۆری ئیسلامی نەكردبێت. كەواتە كێشەیەكی گەورە هەیە كە ئەمریكا، یان رۆژئاوا پشتیوانییان لە دیكتاتۆریەت كردووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەكانی دیكەدا و گریمانەی ئەوەیان كردووە هێشتا خەڵكی ئامادە نین بۆ دیموكراسی و دیكتاتۆریەت مایەی سەقامگیرییە و ئەگەری زیاترە بەرژەوەندیی رۆژئاوا بێنێتەدی. بەشی دووەمی پرسیارەكە پەیوەستە بە عەلمانیەت لەبەرامبەر ئاییندا. دیارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رژێمی سەركوتكار هەبوون كە خۆیان بە عەلمانیەت ناساندووە، هەروەها رژێمی سەركوتكار هەبوون پاساوی ئایینییان بۆ خۆیان هێناوەتەوە.
شايانى باسه مۆریوزی هەروەها گوتی: ئەوەی جێی داخە لە ئێستادا خەڵكێكی زۆر روودەكەنە ئایین وەك بەدیلێك بۆ سەركوتكاری، لە كاتێكدا دەكرێت ئایین زۆر مانابەخش بێت و پاڵنەرێكی ئەخلاقی بەهێز دەستەبەر بكات، بەڵام كاتێك دەگۆڕێت بۆ ئەجێندایەكی سیاسی، ئەوا بە توندی ئەوانەی دیكە دوور دەخاتەوە و سەردەكێشێت بۆ توندڕەوی و دوژمنكارییەكی زۆر لەگەڵ ئەوانەدا كە جیاوازن لێی. ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیارەكەتان دەربارەی مێژووی سەدان ساڵ پێش ئێستا لە بەشەكانی دیكەی جیهاندا كە رژێمەكان و پاشاكان و حكومەتەكان شەرعیەتی ئایینییان دا بە خۆیان و هەر كەسێك پابەند نەبوو بە ئایینەوە و كەمینەی ئایینی بوو، ئەوا مایەی كێشە بوو، واتە تەنانەت هاووڵاتی بوون و دڵسۆزیشیان مایەی كێشە بوو. دەبێت بزانین ئەو جۆرە سیستم و حوكمڕانییە گونجاو، یان رەوا نییە و بۆ رێكخستنی كۆمەڵگە رێگەیەكی سەقامگیر نییە.
لە كۆتایی قسەكانیدا نۆرما گوتی: . ئەوەی لە عێراقەوە فێری بووین، كارەسات بوو، ئێستاش مایەی كارەساتە و ئەوەی لە سووریاشدا روودەدات كارەساتە، من نامەوێت بڵێم خراپترە، چونكە چۆن بەراوردیان دەكەین؟ ئایا چەند كەس كوژراون؟ ئەمە تراژیدیایەكی زۆر زۆر خراپە. ترس و نیگەرانی من ئەوەیە لە وڵاتانێكی وەك سووریا و عێراقدا مێژووی هاووڵاتیبوون بوونی نەبووە، واتە پرسەكە پەیوەست نییە بە حوكمڕانی كەمینە و زۆرینەوە، بەڵكو لە عێراق، یان سووریادا دیموكراسی بوونی نەبووە، ئەوەی هەبووە دیكتاتۆرێك بووە كە گرێدراوە بە خانەوادەیەك، یان ناوچەیەكەوە، یان نوخبەیەك و .. هتد. ئەمە بۆ قۆناغی دواتریش خراپە، چونكە لە سەرەتادا موعارزە لە سووریا موعارزەیەكی دیموكراسی و جەماعی بوو، بەڵام بە ماوەیەكی كورت گۆڕا بۆ موعارزەیەكی ناوچەیی و توندڕەو و تایفەگەری و دژ بە دیموكراسی و دژ بە فرەیی.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1023)
