لە پیرحەلان، ٦٠ تیرۆریست کوژران

لە پیرحەلان، ٦٠ تیرۆریست کوژران
فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوە ڕایگەیاند، لە پێرێوە زیاتر لە 60 تیرۆریستی داعش لە دەڤەری پیرحەلاندا كوژراون و، بە دەیانی دیكەیش بریندار بوونە.

(لیوا مووسا گەردی) فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە پێرێوە، زیاتر لە 60 تیرۆریستی داعش بە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە و، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان كوژراون، كە تا ئێستایش كەلەخی هەندێ لەو تیرۆریستانە لە بەرەكانی پێشەوەدا کەوتووە؛ دوو شەو لەمەوبەر، ٢٥ داعش لە كارگەیەكی چیمەنتۆ و قومدا گرد بووبوونەوە؛ هێزەكانی پێشمەرگە بە تۆپ کارگەکەیان کوتا و، پاشان فڕۆكە جەنگییەكان ئاگادار كرانەوە، ئەوانیش شوێنەکەیان بۆردومان كرد؛ لە ئەنجامدا هەموو تیرۆریستان كوژران و، هیچیان لەو كارگەیە بە ساغی نەچوونە دەرەوە؛ ترێلەیەكی ناو کارگەکەیش بە شوفێرەکەیەوە سووتا. لە شوێنێكی دیكەیش، 5 تیرۆریست خەریكی خاوێنكردنەوەی دۆشكەیەك بوون، هێزەكانی پێشمەرگە لێیان دا و، هەرپێنجەکەیانیان کوشت. سێ شەو لەمەوبەریش، داعشان بە 8 ترۆمبێلەوە هورژومیان هێنا بەرەو هێزەكانی پێشمەرگە، فڕۆكە جەنگییەكان لێیان دا و، هەر هەشت ترۆمبێلەکەیان بە ٣٠ سوارەوە سووتاند."
گوتیشی: "ورەی هێزەكانی پێشمەرگە زۆر بەرزە و، بۆ هەر ڕووبەرووبوونەوەیەك لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە حاڵەتی ئامادەباشیدانە.
(لیوا مووسا گەردی) ئاماژەی بەوەش كرد، تیرۆریستان هێچ هێزێكی وایان نەماوە، هێرش بكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، هۆكارەكەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو خەڵكەی جاران بە ناوی ئیسلامەتی باوەڕیان پێ دەهێنا، ئەو باوەڕیان پێ نەماوە، هەروەها ئەو خەڵكەی لە شوێنەكانی ئەوان ماونەتەوە تووشی قەیرانێكی زۆر بوونە و، هەموویان بێ‌خواردن‌وخواردنەوە ماونەتەوە، هاووڵاتیان لە ترسان نەبێت خۆپیشاندان دژی داعش دەكەن و، دژیان دەوەستنەوە، هەروەها ئەو خەڵكەی بیانی كە جاران لەگەڵدا بوون ئێستا ژمارەیان زۆر كەمبووەتەوە، هەموو ئەوانەی ئێستا لەگەڵ ئەواندان منداڵن و، بە زۆر دەیانبەنە شەڕ."

kdp
Top