پرۆسەی تۆماری ئەلیکترۆنی دەنگدەران دەست پێ دەکات
زانا عوسمان راشیگەیاند، رۆژی ھەینی داھاتوو لەسەرجەم ھەرێمی کوردستان پرۆسەی تۆماری ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکا بۆ ئەوانەی تەمەنی ١٨ ساڵیان تەواو کردووە و بۆ یەکەمجار مافی بەشداری کردن لەپرۆسەکانی ھەڵبژاردنیان دەبێ و دەتوانن دەنگ بدەن.
ئاماژەیبەوەشدا، سەرەتا ناوی ئەو دەنگدەرانەی کە تەمەنی ١٨ ساڵیان تەواو کردووە و فەرمانبەرن لەدامەزراوەکانی حکومەت تۆمار دەکرێت، پاشان وادەیەک بۆ تۆمارکردنی ناوی سەرجەم ئەو کەسانەی کە تەمەنیان گەیشتۆتە ١٨ ساڵی، لەھەر یەک لەسلێمانی و ھەولێر ١٠ ناوەندی تۆمار کردن و لە دھۆکیش ٨ ناوەندی تر دەکرێنەوە، پرۆسەکە وەک قۆناغی یەکەمە، ئەمە لەکاتێکدا لەشارەکانی تری عێراق ماوەیەک لەمەوبەر تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی کە تەمەنی یاسایی بۆ بەشداری کردن لەھەڵبژاردنەکان تەواو کردووە دەستی پێ کردووە، ھەر ھاووڵاتیەکی عێراقی لەدوای ھەڵبژاردنەکانی رابردوو ئێستەکە تەمەنی یاسایی کە ١٨ ساڵە تەواو کردووە لەو بنکانە پەنجە مۆری لێ وەردەگیرێ و ناسنامەیەکی پێ دەکرێ کە وێنەی خودی کەسەکەی لەسەرەو ناوو ناونیشان و ناوچەی ھەڵبژاردنەکەی و چەند وردەکارێکی تر کە پەیوەستن بە شوێن و ناوی ئەو بنکەیەی دەنگی لێ دەدا چاپ کراوە.
