یاسای دەستەی گشتی دەسپاکی ھەموار دەکرێتەوە

یاسای دەستەی گشتی دەسپاکی ھەموار دەکرێتەوە
ئومێد حەمە عەلی ئەندامێکی لیژنەی دەسپاکی لەپەرلەمانی کوردستان رای دەگەیەنێت، ئەو تێبینیەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەسەر یاسای پەسەندکراوی دەستەی گشتی دەسپاکی لەھەرێمی کوردستان ھەیبووە کەبەو ھۆیەوە یاساکەی رەتکردۆتەوە، تێبینیەکە لەبەرچاو گیراوەو ئێستە بۆ ھەموارکردنەوەی ئامادە کراوە.
ئومێد حەمە عەلی راشگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان یاسای دەستەی گشتی دەسپاکی لەھەرێمی کوردستانی رەتکردبۆوە، رەتکردنەوەکە لەسەر تێبینی ئەنجومەنی دادوەری لەھەرێمی کوردستان بووە، لەماددەی ٥ی یاساکەدا ھاتووە(ھەموو کەسێک لەھەرێمی کوردستان لەناویشیاندا سەرۆکایەتیەکانی ھەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری و ھاوشێوەکانی، ھەروەھا وشەی بە پێی یاسای تایبەتی خۆیان بۆ زیاد بکرێ)، ئەنجومەنی دادوەری تێبینی لەسەر ھەبووە.
ئەوەشی خستەروو، سەرۆکی ھەرێم لەسەر رۆشنایی ئەو تێبنینیە یاساکەی گەڕاندۆتەوە پەرلەمان، ئێستەش تێبینیەکە لەبەرچاو گیراوە، دەستەواژەی ھەموو کەسێک ھەبوو لابدراوە، ھەروەھا بەپێی یاسای تایبەتی خۆیان واتە ئەو سەرۆکایەتیەی ناوی ھاتووە یان ئەنجومەنی دادوەری و ھاوشێوەکانی ناوی ھاتووە زیاد کراوە.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ناوی سەرۆکایەتیەکان ماوەتەوە، واتە دەتوانین بڵێین وەک خۆی ماوەتەوە، بۆ نمونە لەسەر یەکێک لەئەندامانی ئەو سەرۆکایەتیانە، یان ئەندامانی گرفتێک ھەیە، یاخۆ لەکەیسێکی گومانلێکراوی گەندەڵی ناویان ھاتووە کە ئەو یاسایەی بەسەر جێبەجێ دەکرێ، بۆ نمونە پەرلەمانتارێک کە حەسانەی ھەیە، پێویستە بۆ ھەر لێپێچینیەوەیەک ئاراستەی پەرلەمان بکرێ بۆ ئەوەی حەسانەی لێ وەربگیرێتەوە ئەوکات رێوشوێن لەگەڵی بگیرێتەبەر، بۆ ھەر ئەندامێکی ئەنجومەنی دادوەری و ھاوشێوەکانیشی ھەمان یاسای بەسەر جێبەجێ دەکرێ، بەڵام لەرێگەی یاسای تایبەتی خۆیانەوە، بۆ سەرۆکایەتیەکانیش بە ھەمان شێوە.
Top