خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ دیموكراسین، بەڵام پشتگیری رۆژئاوا بۆ دیكتاتۆرەكان حەماسی خەڵكی كەمكردۆتەوە

خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ دیموكراسین، بەڵام پشتگیری رۆژئاوا بۆ دیكتاتۆرەكان حەماسی خەڵكی كەمكردۆتەوە
لە دیدارێكى تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر میلانی كەمێت پسپۆڕ لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوتى: ئەوەی بەلای منەوە بەڕاستی جێی بایەخە، بریتییە لە پەرەپێدانی دامەزراوەی دەوڵەتی بەهێز و هێنانە ئارای ئەگەری راستەقینە بۆ بەرەوپێشچوونی ئابووری و كۆمەڵایەتی. هەروەها بەرەوپێشچوونی كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەگەری روودانی بەرەوپێشچوونی ئابووری و كۆمەڵایەتی، ئەگەرچی بە دڵنیاییەوە لە ئەمریكا و زۆرێك لە وڵاتە ئەوروپییەكاندا ئەگەری بزاوتی كۆمەڵایەتی بۆ زۆر كەس لە پاشەكشەدایە، بەهۆی ناڕێكی و نایەكسانی لە دەرفەتدا، بەڵام تەركیزی من لەسەر سروشتی دەوڵەتی و ئەگەری بەرەوپێشچوونە، نەك داڕشتنی دامەزراوەكان كە ئایین لە خۆبگرێت، یان نا. بە هەڵە لێم تێمەگەن، ئەمانە پرسیاری گرنگن، بەڵام دڵنیا نیم لەوەی ئەمانە ریشەی كێشەكان بن.


میلانی كەمێت هەروەها گوتی: پێموایە ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە، راپرسییەكانی رای گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوە دەخەنەڕوو كە خەڵكی لەگەڵ چەمكی دیموكراسیدان، واتە مەسەلەكە ئەوە نییە خەڵكی دژ بە دیموكراسی بن، بەڵام دیموكراسی لە رووی عەمەلییەوە نازناوێكی خراپی پێبڕدراوە، لەبەر ئەوەی هێزە رۆژئاواییەكان كە بە ناوی دیموكراسییەوە كاریان كردووە، لە رووی عەمەلییەوە پشتیوانی دیكتاتۆرەكانیان كردووە، بۆیە لە رووی ئەزموون و لە رووی عەمەلییەوە دیموكراسی نازناوێكی خراپی پێبڕدراوە. خاڵێكی دیكە كە بووە هۆی ئەوەی هەندێ لە گەلانی ناوچەكە حەماسێكی كەمتریان هەبێت بۆ دیموكراسی لە چاو ئامانجەكانی دیكەدا، بریتییە لەو ناسەقامگیرییەی لە ناوچەكەدا دروست بوو. كەواتە ئەمە شتێكی سروشتییە و ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە خەڵكی لە رووی تیۆرییەوە دژی دیموكراسین، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە گواستنەوە بەرەو سیستمێكی كراوەتر و پتر دیموكراسی هاوشان بوو بە نائارامی و پشێویەكی زۆر، لەبەر ئەوە دیموكراسی كەمتر سەرنجڕاكێش دەركەوت.

شایانی باسه كەمێت هەروەها گوتی: كێشەی سووریا كێشەیەكی دژوارە و پێدەچێت وەك وڵاتێكی یەكگرتوو نەمابێتەوە. لەبەر ئەوەی حاڵی حازر رژێمی ئەسەد بەشێكی وڵاتەكەی كۆنتڕۆڵ كردووە و بەشێكی لەلایەن داعش و بەشێكی لەلایەن بەرەی نوسرە و بەشێكی لەلایەن ئەوانی دیكەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، كەواتە شتێك نەماوە بە ناوی سووریایەكی یەكگرتوو. زەحمەتە بۆ من ببینم كە دواتر چۆن پێكەوە دەمێنێتەوە. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە كێ حوكمڕانی دەكات؟ چونكە تەنانەت ئەگەر زۆرینەی سوننەش بێت، ئەوا ئەمە بە چ مانایەك دێت، چونكە لە ئێستادا بەهێزترین لایەنەكانی نێو موعارەزە بریتییە لە رێكخراوە توندڕەوەكانی وەك داعش، بۆیە وای نابینم كە بتوانن لەوە زیاتر كۆنتڕۆڵی خاكی دیكە بكەن. كەواتە راستە حوكمی زۆرینەی لەم چەشنە مایەی كێشەیە بە بێ بوونی چاودێری و لێپرسینەوە و بە بێ بوونی دامەزراوەی پێشكەوتوو. ئەم حاڵەتە لە عێراقدا بەرجەستە بوو. لە سووریادا رێگەیەكی دوور و درێژترمان لە پێشە و نازانین كۆتایی سووریا چۆن دەبێت و ئایا وەك یەك وڵات دەمێنێتەوە یان نە.

لە كۆتایی قسەكانیدا میلانی گوتی: ئەگەر تەواو راستگۆ بم لەگەڵتاندا، ئەوا نازانم چۆن دەوڵەتە دراوسێكانی كوردستان رازی دەبن بە دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی. شتێكی زۆر باش دەبێت ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەویش لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرهەڵەستییەی لە ناوچەكەدا بۆی دروست دەبێت. هەروەها هێزە رۆژئاواییەكانیش دوودڵ دەبن لە بەرەوپێشبردنی ئەم پرسە، لەبەر ئەوەی هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكەدا ناڕەحەت دەبن. كەواتە لە رووی سیاسەت و دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتییەوە وای نابینم هێزە رۆژئاواییەكان بەهۆی بەرهەڵستیی دەوڵەتە دراوسێكانەوە ئەو پرسە بەرەوپێش ببەن.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1023)
Top