دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانێ دەكات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانێ دەكات
پاش بانگەوازەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە داوای لە رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و كەسایەتییە دەوڵەمەندەكانی كوردستان و دەرەوە نیشتمانپەروەران كردبوو بەمەبەستی بنیادنانەوەی شاری كۆبانێ وەك ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە بدەن.

دەزگای خێرخوازیی بارزانیش تاكە دەزگابوو كە بەدەنگ بانگەوازەكەی سەرۆك بارزانییەوە چوو و بڕیاریدا لە پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانێدا بەشدارییەكی كاریگەر بكات و بڕی (500.000 $)ی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە تەرخانكرد، وەك چۆن لە رابروودا لەڕووی دابینكردنی خواردن وپێداویستی بۆ پەنابەرانی كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان و ناوخۆی هەرێمی كوردستان درێغی نەكردووە لە هاوكاریكردنیان، بەهەمانشێوە لەئێستاشدا كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارە دەكات، لە ئێستاشدا بۆ دووەمجار شاندێكی دەزگا بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی شارەكە، كە پێویستی بەچی بوارێكی خزمەتكردن هەیە لەگەڵ دوو رێكخراوی بیانی سەردانی شاری كۆبانێیان كرد.

لەسەرەتای مانگی رابردوودا بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی شاری كۆبانێ و چۆنیەتی هەوڵدان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، تیمێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چوونە شارەكەو سەرنج و تێبینیەكانی خۆیان لەبارەی رێگاچارەكانی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەو چۆنیەتی گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكان بۆ دانیشتوانی گەڕاوەی شارەكە كۆكردەوە، پاشان شاندێكی دیكەی دەزگا بەمەبەستی دووبارە دۆزینەوەی چۆنیەتی بونیادنانەوەو ئاوەدانكردنەوەی شارەكە سەردانی ئەو شارەیان كرد و لەگەڵ خۆیان كاروانێك ئارد كە پێكهاتبوو لە (70) تۆن گەیاندە خەڵكی شارەكە.

سەبارەت بە چوونی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ چەندینجار بۆ شاری كۆبانێ بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی شارەكەو چۆنیەتی ئاوەدانكردنەوەی، موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: پاش ئەوەی لەلایەن بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بانگەوازێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانێ راگەیاند: ئێمەش خۆمان بە بەختەوەر زانی وەكو تاكە دەزگای خێرخوازیی بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارە كوردییەدا بكەین، بۆیە ئێمە پێشتریش لەڕێگای گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكانەوە زیاتر لە چوار جار سەردانی رۆژئاوای كوردستانمان كردووەو هاوكاری و كۆمەك و پێداویستیمان بەسەر پەناخوازانی شارەكە لەسەر سنووری وڵاتی توركیاو لەشاری ئورفە دابەشكرد، بۆیە ئێمە بەردەوامین لە هاوكاریكردنی پەنابەرانی شارەكە چ لەرۆژئاوای كوردستان و لە كەمپی پەناخوازان لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام هاوكاری و پێداویستیان بەسەردا دابەش دەكەین.

موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە چۆنیەتی گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكان بۆ رۆژئاوای كوردستان و پەناخوازانی كۆبانێ و چۆنیەتی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، ئاماژەی بەوەكرد: وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵمانداوە لەڕێگەی توركیاوە كۆمەك و هاوكارییەكانمان بگەیەنینە پەناخوازانی رۆژئاوای كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش چەندینجار توانیومانە هاوكاری خەڵكی شاری كۆبانێ بكەین، بۆ ئەمجارەش شاندێكی دەزگا لەگەڵ دوو رێكخراوی ئەمەریكی بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەو چۆنیەتی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شارەكە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی كاروانێك ئاردی گەیاندە شارەكە، كە لەسەر داوای دانیشتوانی شارەكە كە زۆر پێویستیان بە ئارد هەبووە، بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەپێویستی زانی (70) تۆن ئارد بگەیەنێتە خەڵكی شارەكە.

سەبارەت بە چوونی رێكخراوی دیكە لەگەڵ شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ شاری كۆبانێ، موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: بەمەبەستی كردنەوەی دەرگایەك بۆ ئەو رێكخراوە جیهانیانەی كە دەیانەوێ لە بونیادنانەوەی شاری كۆبانێدا بەشداربن، ئێمە بەپێویستمان زانی دوو رێكخراوی ئەمەریكی كە ئامادەییان نیشانداوە لەپرۆسەی ئاوەدانكردنەوەدا بەشداربن، لەگەڵ خۆمان ببەینە كۆبانێ و بەچاوی خۆیان رەوش و بارودۆخ و دیمەی خاپووربوونی شارەكە ببینن، هەروەها رێگایەك بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی گەیاندنی دەستی بونیادنانەوە بۆ شاری كۆبانێ. كە ئەمەش هەنگاوی یەكەم دەبێت و ئومێد دەكەین لە ئایندەشدا نموونەی ئەو رێكخراو و دەزگا خێرخوازییانە زیادبن كە لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەدا بەشداری بكەن.

Top