سەرۆک بارزانی لەگەڵ پیاوانی ئایینی و کەسایەتییە مەسیحییەکانی پارێزگای نەینەوا و دهۆک کۆبۆوە
سەرۆک بارزانی لە گوتەیەکدا بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند كە ئاگاداری ئازار و مەینەتییەكانی ئەوانە و سوپاسی سەبر و خۆڕاگریی خوشك و برا مەسیحییەكانی كرد و جەختیشی کردەوە کە داعش هەر پەلاماری یەک پێکهاتەی نەداوە، بەڵكو گشت پێکهاتە و مرۆڤایەتی و بەهاكان و شارستانەت و مێژووی كردە ئامانج. تیرۆریستان لەو وەهمەدابوون کە زۆر بە ئاسانی دەتوانن کوردستان داگیر بکەن، بەڵام شانازی بە گەلی کوردستان و پێشمەرگەوە دەکەین کە هەر زوو ئوستوورەی داعشیان تێک شکاند و، ئەو خەونەی تیرۆریستان نەهاتەدی.
(سەرۆک بارزانی)، باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە ئیستا تواناكانی داعش لاواز بووە و شکستی هێناوە و لە پاشەکشەدایە."و بە گوێرەی بەرنامەیەکی گشتگیر، هەموو ناوچەكان بە تەواوەتی ئازاد دەکرێتەوە و، دڵنیایشی دایە مەسیحییەكان كە یەك بستی ناوچەكانیان لەژێر دەستی داعش نامێنێتەوە و داوایشی کرد بیر لە کۆچکردن و، بەجیهێشتنی وڵات نەکەنەوە و جەختی لەوە كردەوە كە ئەو وڵاتە وڵاتی خۆتانە و، سەرزەمینی ئێوەیە و، مێژووی ئێوەی تێدایە؛ دەبێ پێکەوە بمێنینەوە؛ یان پێکەوە دەمرین یان پێکەوە بە سەربەرزی دەژین."
(سەرۆک بارزانی) لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە: "زۆر باش لە کێشەکانتان دەگەین، پێویستە سەبرتان هەبێ و، خۆڕاگر بن؛ نابێ دەستبەرداری بەهاکانمان نابین، کە برایەتی و پێکەوەژیان و خۆشەویستیی مرۆڤایەتییە؛ و یەک شتیش هەموومانی کۆ کردووەتەوە ئەویش مرۆڤایەتییە و تیرۆریستان ڕێك ئەو بەهایەیان كردۆتە ئامانج.
سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە مەترسیی داعش كاتییە ئەوەیشی خستەڕوو كە پاڵپشتی و هاوسۆزییەكی نێودەوڵەتی بۆ گەلی كوردستان هەیە و ئەو كارەساتەی بەسەر ناوچەكەدا هاتووە دەبێ وەك ئەزموونێك سوودی لێوەربگرین بۆ كۆتایهێنان بە كارەساتەكان و دەستپێكێكی تازە.
سەرۆک بارزانی سەبارەت بە ئاوارەکانی نیشتەجێ هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: گەلی كوردستان وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی یارمەتیی ئاوارەكانی دا و چارەسەری سەرەكیی كێشەی ئاوارەكانیش ئەمەیە کە ئاوارەكان بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و پێویستە گەرەنتییەكیش هەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە ڕوودانی كارەساتی دیكە بگیرێت. سەبارەت بە چارەنووسی ناوچەكانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی ناوچەكە خۆیان دەبێ بڕیار لە چارەنووس و داهاتووی خۆیان بدەن.
لە بەرانبەردا پیاوە ئایینی و کەسایەتییە مەسیحییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا و دهۆک، سوپاسی پەرۆشی و خەمخۆریی سەرۆک (بارزانی)ـیان کرد و ستاییشی ڕۆڵ و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد کە بە خوێنی خۆیان پارێزگاری لە پێكهاتەكان دەكەن و سوپاسی خەڵك و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشیان کرد کە بوونەتە پەناگەی ئاوارە و لێقەوماوان و شوێنی ئاشتی و پێكەوەژیان و لێبووردەیی.
