سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کوردانی ئێزدی کۆدەبێتەوە

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کوردانی ئێزدی کۆدەبێتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سحێلا لەگەڵ ژمارەیەک لە کوردانی ئێزدی کۆبووەوە.

پەرلەمانتارێکی پێشووی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە کوردانی ئێزدی لە سحێلا کۆبووەوە و بەڵێنی بە پارێزگاکردنی شنگالی بە کوردانی ئێزدی داوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق کە خۆی لە پێکهاتەی کوردانی ئێزدییە رایگەیاند:" کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ بوو لەگەڵ بنەماڵەی کوردانی ئێزدی، کە تایبەت بوو بە رزگارکردنی دەڤەری ئێزدییەکان بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی ئێزدی".

مەحما خەلیل گوتی "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکە گوتی دەبێت ناوچەی کوردانی ئێزدی بە زووترین کات رزگاربکرێت، خزمەتگوزاری بەردەوام دابین بکرێت بۆ ئەوەی هەژاری نەمێنێت لەو ناوچەیە، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ نەکرێت لایەنگری هێزی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە بکرێت و قبوڵ نابێت حەشدی شەعبی لە ناوچەی کوردانی ئێزدی دروست بکرێت، هەروەها لە سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات زۆرترین کار بۆ ئەوە بکات کە ئازار و خەم و مەینەتییەکانی کوردانی ئێزدی بگەیەنێت بە هەموو جیهان و هەر شتێک کە بکرێت بۆ کوردانی ئێزدی بیکات و پشتیوانی بۆ ئێزدییەکان کۆبکاتەوە".

سەبارەت بە داواکاری کوردانی ئێزدی لە کۆبوونەوەکە، مەحما خەلیل گوتی:" ئێمە داوامان لە سەرۆک بارزانی کرد کە شنگال بکرێتە پارێزگا و جەنابی سەرۆکیش بەڵێنی دا کە بە جیدی کار بۆ ئەوە بکات، کە شنگال بکرێتە پارێزگا، هەروەها بەڵێنی ئەوەی دا کە هێزێکی پێشمەرگە لە کوردانی ئێزدی دروست بکرێت بۆ پاراستنی ناوچەکەیان و چەکی باش دەخرێتە بەردەستیان، هەروەها کوردانی ئێزدی بە شێوەی دادپەروەرانە قەرەبوو بکرێنەوە، پشتیوانی بکرێ لە بە جینۆساید ناساندنی ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزدی هاتووە، داوامان کرد حکومەتی بەغدا کار بکات بۆ دامەزراندنی کوردانی ئێزدی لە دام و دەزگا حکومییەکان".

هەروەها گوتی:" داوامانکرد کە رەوشی ژیانی پەنابەران باشتر بێت و شنگال و باشیک و ناوچەی شێخان و تلکێف و هەموو ناوچەکانی کوردانی ئێزدی بە زوترین کات رزگار بکرێن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەروەها سندوقێکی نیودەوڵەتی دروست بکرێت بۆ یارمەتی نیودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال".

مەحما خەلیل لەسەر هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر داواکاری کوردانی ئێزدی گوتی:" سەرۆک بارزانی بەڵێنی ئەوەی دا کە هەموو داواکارییەکان بەدواداچوونی بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێت و گرینگترین بەشی سەردانەکەی بۆ دەرەوەی وڵات باسکردنی دۆخی ژیان و چارەنووسی کوردانی ئێزدی دەبێت".









رووداو
Top