سەرۆك بارزانی لەگەڵ كەسایەتی و پیاوماقووڵانی كوردی شەبەكی دەشتی نەینەوا كۆبۆوە

سەرۆك بارزانی لەگەڵ كەسایەتی و پیاوماقووڵانی كوردی شەبەكی دەشتی نەینەوا كۆبۆوە
چوارشەممە22ـی 4ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیانی كوردانی شەبەك و كێشە و پێداویستیی ئاوارەكان و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی ئاییندەی ناوچەكانیان و شەڕی دژی داعش لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی و پیاوماقووڵانی كوردی شەبەكی دەشتی نەینەوا كۆبوویەوە.

لەم كۆبوونەوەیەداسەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا هاوسۆزیی خۆی بۆ كێشە و گرفتەكانی كوردانی شەبەك لەدوای پەلاماردانی تیرۆریستان نیشان دا و ڕایگەیاند، كە ئاگاداری كێشە و ناخۆشیی كوردانی شەبەك و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی ناوچە كوردستانییەكانە، كە دوای پەلاماری زاڵمانەی داعش دوچاری كارەساتی گەورە بوون.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، سوپاسی خەڵكی كوردستان و خۆڕاگریی پێشمەرگەی كرد، كە لە ماوەیەكی كەمدا توانیان دڕندەترین دوژمن بوەستێنن و ئەو ئەفسانەیەی بۆ داعش دروست كرابوو بیشكێنن و ئەوەیشی خستەڕوو كە هێرشی داعش و كارەساتەكان پێشانی دا كە پێویستە ئێمە هەردەم ئامادە بین تا ڕێگە نەدەین جارێكی دی هێرش بكرێتە سەر پێكهاتەكان لە دەشتی نەینەوا و كارەسات و ئاوارەیی دووبارە ببنەە. دڵنیاییشی دایە كوردانی شەبەك، كە لە ئایندەدا ئەوان بە سەربڵندی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و، پارێزگاریشیان لێدەكرێ.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە كولتووری دەوڵەمەندی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی لێرەولەوێ هەندێك هەوڵ هەبوونە بۆ دروستكردنی ناكۆكیی تاییفی لە نێو پێكهاتەكان، نەیانتوانیوە سەركەوتوو بن و زیان بە فەرهەنگی لێبووردەیی و پێكەوەژیانی كوردستانیان بگەیەنن، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، كە ئەوەی بیەوێت شەڕی داعش بكات ئێمە پێشوازیی لێ دەكەین و هاوكارییشی دەكەین، بەڵام دەبێ لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت، قەبووڵی ناكەین هیچ هێزێك لە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دروست بكرێت و هێمایشی بەوەدا كە ئەوەی لە دەست بێت بۆ كوردانی شەبەك ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی گەنجانی شەبەك ڕۆڵیان لە پاراستنی وڵاتدا هەبێت و پێویستە ئەو بوارە بە گەنجای شەبەك بدرێت. سەبارەت بە چارەنووسی ناوچەكان ئەوەی ڕوون كردەوە كە چارەنووسی ئەم ناوچانە تەنیا لەدەستی خەڵكی ناوچەكەیە و هەر ئەوان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن.

دواتر دەرگای پرسیار و گفتوگۆ بە ڕووی ئامادەبوواندا كرایەوە و، سوپاسی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدانیان كرد، تەئكیدیشیان لە كوردستانیبوونی ناوچەكانیان كردەوە و ڕایانگەیاند، كە مەسەلەی كوردستانیبوونی زێدی ڕەسەنی خۆیان هەرگیز جێی گفتوگۆ نییە، تەئكیدیان كردەوە كە چارەنووس و ئایندەی كوردانی شەبەك و پێكهاتەكانی دیكەی ناوچە كوردستانییەكانیان بە چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە بەندە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا كەسایەتی و پیاوماقووڵانی كوردی شەبەك كۆمەڵێك داواكارییان خستەڕوو و سەرۆك بارزانیان لە كێشە و گرفتەكانیان ئاگادار كردەوە
Top