سەرۆك بارزانی لەگەڵ كەسایەتییە توركمانەكانی دەڤەری تەلەعفەر كۆبۆوە

سەرۆك بارزانی لەگەڵ كەسایەتییە توركمانەكانی دەڤەری تەلەعفەر كۆبۆوە
چوارشەممە 22ـی 4ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە كێشە و چۆنێتی ژیانی توركمانە ئاوارەكانی دەڤەرەكە و هەروەها تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی داعش لەم دەڤەرە و ئاییندەی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە گەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی و پیاوماقووڵانی توركمانی تەلەعفەر و ئاڤگەنێ و عەیازییە كۆبوویەوە.

سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا ئاماژەی بە پەلاماری دڕندانەی داعش بۆ سەر پێكهاتەكانی ناوچەكە و ئاسەوارە خراپەكانی دەركەوتنی داعش كرد، كە وەك كارەساتێك بوو بۆ پێكهاتەكانی ناوچەكە و ئاماژەیشی بە خۆڕاگریی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە دا كە تیرۆریستان لە سەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكست هاتن و ناوچەیەكی بەرفراوان لەدەستی تیرۆریستان ڕزگار كرا. سەرۆك بارزانی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكی لەوە دڵنیا كردەوە كە سەرجەم ناوچەكان لەدەستی داعش ڕزگار دەكرێت و خەڵك دەگەڕێنەوە دەڤەرەكانی خۆیان و، مانەوەی داعش تەنها مەسەلەی كاتە و نەمانیان حەتمیە و هیچ ئایندەیەكیان لەم ناوچەیەدا نییە. سەبارەت بە قۆناغی دوای داعش بە ئامادەبوانی ڕاگەیاند، پاش نەمانی داعش ئەوانەی بڕوایان بە پێكەوەژیان هەبێت و دژی داعش بن ئامادەین هاوكارییان بكەین و، لاپەڕەیەكی نوێی پێكەوەژیان و ژیانێكی نوێ دەست پێ بكەینەوە بەڵام ئەوانەی هاوكاریی داعشیان كردووە هیچ شوێنێكیان لە دەڤەرەكە نابێت و هەمان چارەنووسی داعشیان دەبێت. هاوكات سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕاشیگه‌یاند كه‌ چاره‌سه‌رى ڕیشه‌یى كێشه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانى خۆتان و ژیانێكى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ به‌سه‌ربه‌رن و له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ په‌نابه‌خوا ته‌واوى ناوچه‌كان ئازاد ده‌كرێت له‌ ژێر كۆنتڕۆڵى داعش و كۆتایى ته‌واوه‌تى به‌ داعش ده‌هێنرێت.

لە بەرامبەردا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە سوپاسی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەیان كرد و، ئاماژەیان بە ڕۆڵی گرنگی بەڕێزیان و پێشمەرگە دا لە ئازادكردنەوەی ناوچەكانیان و، سوپاسی خەڵكی كوردستانیشیان كرد كە باوەشیان بۆ هەموو ئاوارەكان كردووەتەوە و خزمەتیان دەكەن، سەرەخۆشیشیان لە كەسوكار و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد كە لە شەڕی دژی داعش بۆ پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ناوچەكە گیانی خۆیان فیدا كردووە و خزمەتی مرۆڤایەتییان كردووە. هەروەها ئامادەیی خۆیشیان دەربڕی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا شەڕی داعش بكەن.
Top