پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی
بەبۆنەی سەدوحەڤدەهەمین ساڵوەگەڕی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی و حەڤدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و هەموو میدیاكار و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم.
ڕۆژنامەگەریی كوردی هەر لەسەرەتای دەركەوتنیەوە و لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان شانبەشانی چینوتوێژە خەباتگێڕەكانی دیكەی كوردستان لەدژی داگیركاری و دیكتاتۆری وەستاوەتەوە و ڕۆشنگری و دژایەتیی زوڵم و نەیارانی كوردستان خەسڵەتی دیاری ڕۆژنامەنووسی كوردی بووە.
ئێستایش كە نەیارانی گەلی كوردستان میدیا وەك ئامرازێك بۆ دژایەتیكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بەكار بهێنن دەكرێ میدیای كوردستانی سەنگەرێكی زۆر بەهێز بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵی نانەوەی دووبەرەكی و پشێویی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە لایەن ناحەزانی كوردستانەوە.
ئێستایش لەو كاتەی كە وڵاتمان ڕووبەڕووی شەڕێكی زاڵمانەیی تیرۆریستان بووەتەوە و تیرۆریستان لەڕێگەی میدیاكانیانەوە شەڕی دەروونی لەدژی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە دەكەن ئەو چاوەڕوانییەش لە میدیاكارانی خۆشەویستی كوردستان هەیە كە لەبەرانبەر ئەم هەوڵەی تیرۆریستان بوەستنەوە و ببنە بەشێكی كاریگەر لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی.
جێگەی شانازییە كاری ڕۆژنامەگەری لە كوردستاندا هەنگاوی باشی ناوە و بە ئازادییەكی تەواو و دوور لە هەموو سانسۆرێك لە هەرێمی كوردستاندا درێژە بە چالاكییەكانی دەدات و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە میدیا و ڕۆژنامەنووسی لە دۆخێكی زۆر باش دایە لەڕووی ئازادی و نەبوونی كوسپ و تەگەرە بۆ كاری ڕۆژنامەنووسی. ئەو كاتەیش ئازادیی ڕۆژنامەنووسی دەبێتە هۆكارێك بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە كە پێكەوەگرێدانێك هەبێت لەنێوان ڕۆژنامەنووسی و بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی و پابەندبوون بە پیشەییبوون و بەهاكانی ڕۆژنامەنووسی.
لەم یادەدا داوا لە گشت لایەك دەكەم پاڵپشتی توێژی هۆشیار و كاریگەری ڕۆژنامەنووسان بن و یارمەتیی كەمكردنەوەی كێشەكانیان و باشتركردنی گوزەرانیان بدەن و ڕۆژنامەنووسەكانی كوردستان دوور لە دەستێوەردانی سیاسی بتوانن بە شێوەیەكی ئازاد و سەربەخۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و پێشكەوتنی كولتووری و كۆمەڵایەتی بكەن.
دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو ڕۆژنامەنووسانی ئازیزی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
