لەناو دەستەبژێری سیاسیی كوردستاندا تێنەگەیشتنێكی گەورە لە سەر سیستمی پەرلەمانی بوونی هەیە

لەناو دەستەبژێری سیاسیی كوردستاندا تێنەگەیشتنێكی گەورە لە سەر سیستمی پەرلەمانی بوونی هەیە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان شێروان حەیدەری سكرتێری لیژنەی نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری كوردستان بۆ گوتى: پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان، تەنها باسی ئەمڕۆ نییە، بەڵكو لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991 ئەمە پرسێك بووە بەردەوام باسی لێكراوە، هەتا لە 24ی حوزەیرانی 2009 پەرلەمانی كوردستان پەسەندی كردووە، سەبارەت بە پرسیارەكەشتان دیارە هەر سیستمێكی سیاسی كە خواستی دیموكراتی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ هەبێت و بڕوای بە لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەبێت، ئەوا هەر لەسەر ئەم بنەمایانەش دەستوورەكەی دادەڕێژێت و دەستووریش وەك یاسای بنەڕەتی شكۆی ئەو وڵاتە لەو چوارچێوەیەدا دەپارێزێت.

شێروان حەیدەری هەروەها گوتی: ئێمە وەك لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بیروبۆچوونی هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستانمان وەرگرتووە و سەردانی كەسی یەكەمی ئەو حزبە سیاسییانەشمان كردووە كە لە پەرلەماندا كورسییان هەبووە، هەربۆیە دەستوورەكە رەنگدانەوەی بۆچوونی هەموو لایەك بووە، هیچ لایەكیش پێش دەنگدان لەسەر پڕۆژەی دەستوورەكە رەخنە و تێبینی نەبووە، هەربۆیە كە خرایە دەنگدانەوە لە كۆی 96 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 95 پەرلەمانتار دەستوورەكەیان پەسەند كردووە و دەنگیان بۆداوە، بەڵام ئەمجارە تەنها 77 پەرلەمانتار دامەزراندنی ئەو لیژنە پەرەلەمانیان بۆ پێداچوونەوە بە دەستوور پەسەند كردووە، من هیوادارم لەم بۆچوونەم و لەم بەراوردكردنە بە هەڵەدا چووبم، بەڵام ئەم رێژەیە جێگەی هەڵوەستە لەسەركردنە، لەبەر ئەوەی ئێمە كاتێك باسی سازانی نیشتمانی دەكەین و 77 دەنگیش بە پرۆسەكە دەدرێ، ئەمە سەرەتایەكی باش نییە.


شايانى باسه حەیدەری هەروەها گوتی: لە ماددەی یەكەمی پڕۆژەی دەستووری كوردستان نووسراوە، سیستمی حوكمڕانی لە كوردستان سیستمێكی پەرلەمانییە، بەڵام لەسەر ئەم پرسە تێنەگەیشتنێكی هەڵە لە ناو كۆمەڵگە بەگشتی و لەناو دەستەبژێری سیاسیی كوردستان بوونی هەیە، بۆیە ئەم بۆچوونەی كە پێی وایە ئەم سیستمە پەرلەمانی نییە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە دەڵێن: مادام سەرۆك راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێرێت، ئەوا سیستمەكە یان سەرۆكایەتییە، یان تێكەڵاوە، بەڵام ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە و چەندین وڵاتی دیموكراتی هەن كە سیستمەكەیان پەرلەمانییە و سەرۆكیش راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت، خاڵێكی دیكە كە باسی لێوە دەكرێت، مەسەلەی ئەو دەسەڵاتانەیە كە لە دەستوورەكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە.

لە كۆتایی قسەكانیدا شێروان گوتی: ئێمە یەكەم وڵات نین كە بۆچوونی جیاواز لەسەر پڕۆژەی دەستوور دێتەئاراوە، هەر بۆ نموونە ئێمە وەك لیژنەی نووسینەوەی دەستوور رای خۆمان بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیاندووە بەوەی دەستوورەكە هەموو رێكاری یاسایی خۆی تەواو كردووە و پێویستە بخرێتە ریفراندۆمەوە، لەبەرامبەردا بۆچوونێكی دیكە هەبووە، بە باشی زانیوە پێداچوونەوەی پێدابكرێت و سازانی لەسەر بكرێت، سەرەنجام سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو بۆچوونە بووە كە پێداچوونەوە و سازانی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی یەكڕیزی ناو كورد بپارێزرێت و دەستووریش وەك پرسێكی نیشتمانی جێگەی رەزامەندی هەموو لایەك، یان زۆربەی زۆری خەڵكی كوردستان بێت.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1022)
Top