گوڵان شایەنی ئەوەیە مەدالیای بارزانی پێبدرێت
لە پەیامەكەدا موحسین دزەیى دەڵێ: من كە یەكێكم لە خوێنەرە بەردەوامەكانی گوڵان و هەموو هەفتەیەك ئەم گۆڤارە دەخوێنمەوە، لە هەموو ژمارەیەكدا بێجگە لەوەی ژمارەیەك وتاری زۆر بەپێز و ئاست بەرزی رۆشنبیران و نووسەرانی ناوخۆیی كوردستان و دەرەوەی كوردستانی بڵاوكردۆتەوە، لە هەمانكاتدا بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ رووداوە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، راوبۆچوونی ژمارەیەك ئەكادیمی و پسپۆڕی ناوخۆ و جیهانی وەرگرتووە و بڵاوی كردۆتەوە.
شایانی باسە دزەیى هەروەها دەڵێ: لەم بۆنەیەدا دەمەوێت سڵاو بۆ گیانی پاكی هەر دوو شەهیدی سەركردە، برا و هاوڕێیانی بەڕێزم شەهیدان (فرانسۆ هەریری و شەوكەوت شێخ یەزدین) بنێرم، كە هەردووكیان خاوەنی ئیمتیازی گوڵان بوون و هەردووكیشیان بە دەستی تیرۆریستان شەهید كران، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە گوڵان لە ریزی پێشەوەی ئەو راگەیاندنانەیە كە لە سەنگەری دژایەتی تیرۆریستان چاونەترسانە بەردەوامە.
لە كۆتایی پەیامەكیدا موحسین دزەیى دەڵێ: لە كۆتاییدا وێڕای ئەوەی هیوای سەركەوتن بۆ ستافی گوڵان دەخوازم و داوایان لێدەكەم لەسەر ئەم میتۆد و پڕۆگرامەی ئێستا بەردەوام بن، لە هەمانكاتدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، گوڵان لە مێژووی رۆژنامەگەری دوای راپەڕین، رۆڵێكی گرنگی لە خەباتی نیشتمانی و یەكڕیزی و لێبووردەیی و پێكەوەژیان و دیموكراتی گێڕاوە، بۆیە بە شایەنی ئەوەی دەزانم كە مەدالیای بارزانی پێ ببەخشرێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم پەیامە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1022)
