سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا كۆبۆوە
لە كۆبوونەوەیەكدا فەرماندەی فەرماندەی یناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا سوپاسی هێزەكانی ئاساییشی هەرێمی كرد بۆ پاراستنی كونسولگەریی ئەمەریكا لە هەولێر و دەستخۆشیشی لە ئاساییشی هەرێم كرد كە لە كاتێكی كەمدا توانیان ئەنجامدەرانی تەقینەوەكەی هەینیی ڕابردووی عەینكاوە دەستگیر بكەن و سەرەخۆشیشی لە كەسوكار و قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستییەكەی عەینكاوە كرد.فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لە درێژەی قسەكانیدا ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش لە بەرەكانی شەڕ و هەروەها یارمەتیدانی كۆبانێ كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پێشمەرگە زۆر بە ڕێكوپێكی توانێ لە شەڕەكانی كۆبانێدا كاریگەر بێت و هاوكێشەكان لەدژی داعش بگۆڕێت. هەروەها
بەردەوامیی وڵاتەكەی لە یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپات كردەوە. لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەت و گەل و سوپای ئەمەریكای كرد لە یارمەتیدانی كوردستان و یارمەتییە سەربازییەكانی ئەمەریكای لە شەڕی پێشمەرگە لە دژی داعش بە كاریگەر وەسف كرد. سەبارەت بە كردەوە تیرۆریستییەكەی عەینكاوە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەم ڕووداوە بە ڕوونی نیشان دەدات كە تیرۆریستان لە بەرەكانی شەڕدا لاواز بوونە و دەیانەوێ بەهۆی كردەوەی تیرۆریستی لە شارەكان قەرەبووی شكستەكانیان بكەنەوە. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە بە هیچ شێوەیەك تیرۆریستان ناتوانن لە كوردستان پێگەیان هەبێت و جێگەی خۆیان بكەنەوە
و گەشە بكەن. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە هەماهەنگیی بێوێنەی هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكانیدا و ئەوەی خستەڕوو كە ئەم هەماهەنگییە وای كردووە كە لە شەڕ و ئۆپڕاسیۆنەكاندا تەنانەت یەك كەسی سڤیلیش نەبێتە قوربانی و ئەوەیش خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی گەورەیە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی ئازادكردنی شاری موسل و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ لە نەینەوا و كەركووك و سەلاحەدین و ئەنبار تاوتوێ كرا. چۆنییەتیی بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا و پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان و سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ئەمەریكا تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو. جێگەی ئاماژەپێدانە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و قوباد تالەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادەی بوون
