ئەنجوومەنی وەزیران دوابڕیاری لەسەر گواستنەوەی پەیمانگا و قوتابخانە ئیسلامییەکان دا
لەوبارەیەوە "مەریوان نەقشبەندی" رايگەیاند: دەربارەی چەند کاردانەوەیەک کە لەسەر بابەتی گواستنەوەی خوێندنی ئیسلامی لە وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ سەرھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ھاتنە ئاراوە، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و تەواوی وەزیرەکانی حکومەتی ھەرێم داکۆکی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارانە، بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و بە بەشداری و ھاوبەشیی ھەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان دراون، نەک بڕیاری تەنیا لایەنێک یان وەزارەتێک بن.
نەقشبەندی گوتی، سەرۆکی حکوومەت رایگەیاندووە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی پشتگیریی خۆی بۆ ئەم بڕیارانە و ھەموو بڕیارەکانی چاکسازی لە وەزارەتەکاندا دووپات دەکاتەوە.
ئەم بریارەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ وەزیرانی خوێندنی باڵا و ئەوقاف و پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمان و سەرۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری پەیمانگا و قوتابخانە ئیسلامییەکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
