هێرشی تیرۆریستان بۆ گوندە ئازادكراوەكانی كەركووك تێك شكێندرا.. ٥کم دیکەیش ئازاد کرا
جێگری فەرماندەی لیوای 9ـی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری كەركووك عەقید ڕوكن (تاریق ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەعات سێ و چارەكی ئەم بەرەبەیانییە، تیرۆریستانی داعش هێرشێكی بەرفراوانیان كردە سەر گوندەكانی گوامات و مرە و بانشاخی بچووك كە ماوەی چەند رۆژێكە ئازاد كراون، لە دوو گوندی یەكەم كە هێرشەكەیان تەنیا بۆ سەرقاڵكردن بوو، بانشاخی بچووك ئامانجی سەرەكییان بوو، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە هەر زوو لێیان هاتنە دەست و توانییان هێرشەكەیان تێك بشكێنن".
عەقید ڕوكن (تاریق) دەڵێت: "تیرۆریستانی داعش نەك هەر نەیانتوانی بێنە پێشەوە، بەڵكە زیاتر لە 5 كیلۆمەتر ڕاومان نان و شوێنەكانمان رزگار كردن، ژمارەیەكی زۆریشیان كوژران و لاشەی 6ـیان بەجێ ماون؛ جیا لەمە شوێنی راكێشانی لاشەیەكی زۆریش دیارە كە ئەمە گوزارشتە لەوەی كوژراوی زۆریان هەبووە، هەروەها ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنییشیان لە دوا بەجێ ماوە".
