دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی لە گۆڤاری (گوڵان) دەكات

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان  پیرۆزبایی لە گۆڤاری (گوڵان) دەكات
هەڤاڵی بەڕێز فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان
هەڤاڵان، سكرتێری نووسین و تێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین و هونەریی لە گۆڤاری (گوڵان)

بە بۆنەی (22)هەمین ساڵوەگەڕیی گۆڤاری گوڵان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و نووسەران و سەرجەم خوێنەرانی گۆڤارە ئازیزەكەتان دەكەین، سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ هەوڵ و كۆششی بێ وچانتان لە پێناو پێشخستن و سەركەوتنی ئەرك و پیشەی پیرۆزتان، هەر لە پێشكەوتندا بن.
دەرچوواندنی گۆڤاری (گوڵان) هەنگاوێكی تازە و گرنگ بوو لە كاروانی رۆژنامەوانیماندا و توانی لەو ماوەی تەمەنیدا بەپێی بەرنامەی كاری خۆی، پڕۆفیشناڵانە خزمەتێكی زۆر و جیای بوارەكە بكات و پێگەی شیاوی خۆی بگرێ و پتەوتریشی بكات.
ئەو خزمەتەی ئێوە لە رووی رۆژنامەوانییەوە بەردێكی دیكەی تەلاری ئەو ئەزموونەمانە و سەنگەرێكی دیكەی رەوا و داكۆكیكارە لە كێشەكەمان و پاراستنی ماف و دەستكەوتەكانمان نەخاسمە لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆماندا، كە پێویستە هەموو لایەك بەو پەڕی لێبووردەیی و دڵسۆزییەوە كارەكانی رابپەڕێنێ و درێغی نەكات.
بەخشش و بەرهەمی ئەوەندە ساڵەی گۆڵان باشترین گەواهیدەری راست و دروستی پەیامی راستگۆی ئێوەیە بۆ دەوڵەمەندكردنی فەرهەنگ وكەلتووری نەتەوەیی و رۆشنبیریمان، بەمەش پانتاییەكی بەرفراوانی گرتووە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، یا دەوروبەرو دەرەوە.
بەو بۆنەیەوە جارێكی دیكە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوامبوون و بەرەو پێش بردنی گۆڤارەكەتان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین بە هەمان گیانی بەرپرسانە و دڵسۆزانەی خۆتان و ئیتیكی راستەقینەی رۆژنامەوانی زیاتر برەو بە كار و پلانەكانتان بدەن بۆ پێشكەوتنی زیاتر و چاكتر.
هەمدیسان دەستخۆشی و پیرۆزباییتان لێ دەكەین ...
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
Top