پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گۆڤاری (گوڵان)
هەڤاڵان، سكرتێری نووسین وتێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین و هونەریی لە گۆڤاری (گوڵان)
بە بۆنەی (22)هەمین ساڵوەگەڕیی گۆڤاری گوڵان، پیرۆزباییەكی گەرمتان لێدەكەین، پیرۆزبایی لە سەرجەم نووسەر و خوێنەرانی گۆڤارە ئازیزەكەتان دەكەین، دەستی هەوڵ و كۆششتان بۆ سەرخستن و پێشخستنی رۆژنامەگەریی كوردی دەگوشین.
جێپەنجە و كاریگەریی گۆڤاری (گوڵان) بە سەر كاروانی رۆژنامەوانیماندا روون و ئاشكرایە و توانیویەتی ئەو گەنجینەیە دەوڵەمەندتر بكات، هەر بۆیەش تا ئەمڕۆ لەو بەخشش و داهێنانەی بەردەوامە و پێگەی شایستە و پتەوی خۆی لە بواری رۆژنامەوانیدا پتەوتر كردووە وگرتووە.
گۆڤاری (گوڵان) لەو كاروانە دوور و درێژەی رۆژنامەوانی كوردیدا ئەزموونێكی گەش و تازەی هێنایە ئاراوە و سەلماندی كە تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە خزمەتگەیاندن بە بواری رۆشنبیری و مەعریفیمان، لە پەیڕەوكردنی بەرنامەیەكی رێكوپێك و زانستی و ئەكادیمییانەی ئەوتۆ كە ژمارەیەكی زۆری نووسەران و شرۆڤەكارانی ناسراوی ناوخۆیی و جیهانی لە خۆی كۆبكاتەوە.
برەودان بە بواری رۆژنامەوانی بە شێوەیەكی پیشەوەرانە دەستپێك لە (گوڵان)ـەوە بوو، ئەوسا گوتاری رەخنەگرانە بۆ خزمەتگەیاندن بە پرسە گرنگەكان پیادەكرا و زەوینەیەكی ساغ و دروستی رەخساند بۆ رەخنە و مامەڵەكردن لەگەڵ واقیع و دیاردەكاندا، مەبەستیش برەودان بوو بە لایەنە ئیجابییەكان و رەوشی سیاسی و بەرەوپێشبردنی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان.
دەرچوواندنی گۆڤاری (گوڵان) جگە لەوەی بڕیار و هەنگاوێكی بوێرانە بوو لە رووی سیاسییەوە، مۆدێلێكی زیندووی كاری پڕۆفیشناڵییانەش بوو لە رووی رۆژنامەوانییەوە، هەروەها بەو سیستم و كارنامە رێكوپێكەی لە بواری رۆژنامەوانیدا و بەردەوامبوونی لە برەودان بە كەلتووری مەعریفی و هزری هەر لە دەستپێكی كاركردنیەوە تاكو ئەمڕۆ خانەیەكی شایستەی لە كتێبخانەی كوردی بە گشتی و بواری رۆژنامەوانی بەتایبەتی گرتووە، لێشمان مسۆگەرە هەر بەردەوام دەبێت و لە ئایندەشدا هەنگاوی چاكتر و كاریگەرتر دەنێت.
وێڕای پاڵپشتی و پشتیوانی پارتیمان بۆ سەرخستن و زیاتر پێشخستنی گۆڤارەكە، جەختیش دەكەینەوە كە كار و ئەركی رۆژنامەوانی و رۆشنبیریی زیاتر هەوڵ و كۆشش و قوربانیدانی دەوێ بۆ ئەوەی بە حەق نموونەیەكی زیندوو و پێشەنگ بێ بۆ خزمەتگەیاندن بە تاكەكەسی كورد و كۆمەڵگەكەمان و برەودان بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، بەتایبەتی لەو بارودۆخەی ئەمڕۆماندا كە رۆڵەكانی گەلەكەمان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی رووبەڕووی دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی وەستاونەتەوە و بەرگری لە مانەوە و شوناسی گەل و نەتەوەكەمان دەكەن، خوازیارین لەم ئەركەشتاندا پێشەنگیتان بپارێزن و رۆڵی شیاوی خۆتان بگێڕن.
جارێكی دیكە پیرۆزبایی لە خۆمان و ئێوە وخوێنەرانتان دەكەین و هیوای سەركەوتن و هەمیشە پێشەنگیتان بۆ دەخوازین.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
