سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە گۆڤاری گوڵان دەکات
سڵاو و ڕێز..
بە بۆنەی بیست و یەکەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست دەکەم.
لەم دۆخەی ئێستادا کە لە شەڕی بەرگریکردن لە خاک و کەرامەتی گەلەکەمانداین، ئەرکی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن لە هەر کاتێک هەستیارتر و گرینگترە. ئێستا دوژمن و نەیارانی گەلی کوردستان هەوڵ دەدەن ئەوەی بە ئەنفال و کیمیاباران بۆیان نەچووە سەر لە ڕێگەی ڕشتنی ژەهری دووبەرەکی و شکاندنی بڕوابەخۆبوونی تاکی کورد ئەنجامی بدەن و ڕاگەیاندن ئاسانترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی لەوێوە نەیارانمان بگەنە مەرامی خۆیان، بۆیە پێویستە لەجاران زیاتر برەو بە هەستی نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازی و پاراستنی یەکڕیزی بدەن.
گوڵان، نەک هەر وەک بەئەزموونترین گۆڤاری سیاسی و دەوڵەمەند بە لێکۆڵینەوە و دیمانە و ڕاپۆرتی شیکاری، بەڵکوو وەک ناوەندێکی دیالۆگی ڕۆشنبیران و ئەکادیمی و سیاسەتوانان، لەگەڵ چاپکردنی کۆمەڵێک کتێبی بەسوود، ڕۆڵێکی گرینگی لە برەودان بە گیانی نیشتمانپەروەری و خۆشویستنی وڵات و یەکڕیزی و پێکەوەژیان و ژینگەپارێزیدا هەیە و بە دڵنیاییەوە ئەو پڕکاری و دڵسۆزییە، بەرهەمی ماندووبوونی ستافێکی لێهاتوویە و هیوادارم هەر بەو شێوەیە لە پێشکەوتن و خزمەتکردنی پرۆژەی نەتەوەیی بەردەوام بن.
دەستخۆشیتان لێدەکەم و ئومێدی سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
20/4/2015
