پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا تەحەددای بۆ كاری رۆژنامەوانی دروستكردووە و دەبێت رۆژنامەنووس وریا بێت چۆن هەواڵ دەگوازێتەوە

پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا تەحەددای بۆ كاری رۆژنامەوانی دروستكردووە و دەبێت رۆژنامەنووس وریا بێت چۆن هەواڵ دەگوازێتەوە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ماگی زانگەر رۆژنامەنووس و ئەكادیمی لە زانكۆی ئەریزۆنا بۆ گوتى: رۆژنامەگەری لە نێو جەرگەی گۆڕانكارییەكی گەورەدایە، یاخود پێویستە بڵێم رۆژنامەگەری لە گۆڕانكاریدا نییە، بەڵكو تەكنەلۆژیا لە گۆڕانكاریدایە، هەروەك هەموومان دەزانین، رۆژنامەگەری بەردەوامە، بەڵام ئامرازەكان جیاوازن. واتە نووسین و بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان هەروەك خۆیانن و رۆژنامەنووسان بۆ چەند سەدەیەكە ئەم كارە دەكەن. هەموو كەس باوەڕی وابوو رۆژنامەگەری كۆتایی دێت، كاتێك تەلەفزیۆن هاتەئاراوە، بەڵام كۆتایی نەهات و هەر بەردەوام بوو، بۆیە هەموو شتێك لە گۆڕاندایە، رەوشەكە و دۆخەكە لە گۆڕاندان و باوەڕم وایە ئەمە شتێكی تەندروستە. حاڵی حازر كێشە هەیە، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین ئایندە چی بۆ هەڵگرتووین. رۆژنامەگەری ناگۆڕێت، هەمیشە تەكنەلۆژیا لە گۆڕانكاریدایە، بەڵام رۆژنامەگەری نا.


هەروەها ماگی زانگەر گوتی: كەسێكی ئاسایی ناتوانێت جیاوازی بكات لە نێوان زانیاری راست و دروست و قسە و قسەڵۆكدا. لە رابردوودا قسەوقسەڵۆك و باسی پیلانگێڕی دەكرا و بە سەرزارەكی دەگوازرایەوە، بەڵام ئێستا ئەو شتانە لەسەر ئەنتەرنێت دەبینین، لەبەر ئەوە مایەی كێشەیە بۆ رۆژنامەنووس و دەبێت رۆژنامەنووس وریا بێت. بەڵام هەمیشە رێسای بنەڕەتی هەبووە بۆ رۆژنامەگەری كە رۆژنامەنووسان بتوانن باشترین سەرچاوە بەكار بهێنن كە هەمیشە بزانیت سەرچاوەی زانیاریەكانی كێن و بچێتە بنج و بنەوانی ئەو زانیارییانە و هەمیشە هەوڵ بدات سەرچاوەی دووەم و بگرە سەرچاوەی سێیەمی هەبێت.

شايانى باسه زانگەر گوتی: كاتێك خەڵكانێك هەن كە پڕۆفیشناڵ نین و زانیاری بڵاو دەكەنەوە، ئەمە تەحەددییەكی راستەقینەیە بۆ ئەو كەسانەی هەواڵ دەخوێننەوە، لەبەر ئەوەی كەسانێكی زۆر لەوانەی زانیاری بڵاو دەكەنەوە، پابەند نین بە ئیتیكی رۆژنامەگەری و كەسانی پڕۆفیشناڵ نین و زەحمەتە كە خوێنەر، یان بینەر ئەوە بزانێت. واتە دەبێت ئاستێكی سەرەتایی لە خوێندەواری راگەیاندن هەبێت، هەروەك چۆن كەسێك بۆ ئەوەی بتوانێت بخوێنێتەوە دەبێت ئاستێكی سەرەتایی لە خوێندەورای هەبێت، ئاواش دەبێت خوێندەواری راگەیاندنت هەبێت. لەبەر ئەوە دەبێت رۆژنامەنووس، رۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ، هەمیشە پابەندبێت بە ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و ئاستێكی بەرزی ئیتیكی بپارێزێت، بەو شێوەیە دەتوانێت كارێك بكات خوێنەران و بینەرانی روو نەكەنە سەرچاوەی دیكە، چونكە دەزانن ئەو سەرچاوەیەكی متمانەپێكراوە و سەرچاوەیەكی پڕۆفیشناڵە.

لە كۆتایی قسەكانیدا زانگەر گوتی: گرنكە راهێنانی پڕۆفیشناڵانە بە رۆژنامەنووسان بكرێت، هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە لە كۆلێژەكانی رۆژنامەگەری زۆر گرنگە كە رۆژنامەنووسان لەسەر ئیتیكی گونجاو و لەسەر یاسا و لەسەر ستانداردی بەرزی پڕۆفیشناڵ بوون راهێنانیان پێكرابێت، بەڵام رۆژنامەنووس دەتوانێت فەیسبووك بەكار بهێنێت وەك سەرچاوەیەك، بۆ نموونە دوێنی من بە قوتابییەكانم راگەیاند كە بۆ ئەوەی كەسانێك بدۆزنەوە كە كێشەیان لەگەڵ بینای باڵەخانەیەكی دیاریكراودا هەبێت، كە بە خراپی ئەو باڵەخانەیە دروست كراوە و ئەگەر بە دوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێن كە لە نێو ئەو باڵەخانەیەدا دەژین، ئەوا رێگەیەكی باش بۆ دوزینەوەی ئەو خەڵكانە بریتییە لە فەیسبووك، یان تویتەر، بەوەی پەیامێك لە فەیسبووك بڵاو بكەیتەوە و رایبگەیەنیت كە بە دوای كەسێكدا دەگەڕێم كە لەو باڵەخانەیەدا بژێیت و تكایە هەر كەسێك زانیاری هەیە ئەوا با لە رێی فەیسبووكەوە ئیمەیڵم بۆ بكات، ئەو كاتە خەڵكانێكی زۆر وەڵام دەدەنەوە، ئەمە رێگەیەكی نوێیە بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان زانیاری بەدەست بێنن، بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی كەسێكیش پەیوەندیت پێوە دەكات.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1022)
Top