ئەگەر پشتگیری سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئێمە وەك كلد و سریان و ئاشووری لە پڕۆژەی دەستووری كوردستاندا پارچەپارچە كرابووین
رۆمیۆ هەكارى هەروەها گوتی: من وەك یەكێك لە ئەندامانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و هەروەها نوێنەری كلد و سریان و ئاشووری لەو پرۆسەیەدا، هەروەها وەك ئەندامێكی پێشووی پەرلەمان و ئێستاش وەك هاووڵاتییەكی كوردستان، هەموو كات لەگەڵ ئەوە بووم كە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی دەستوور بە زووترین كات بخرێتە راپرسییەوە، بەتایبەتی ئەم پڕۆژەی دەستوورەی كە پەرلەمان پەسەندی كردو نێردرا بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لای بەڕێزیشیان پەسەند كراوە، بە هەر حاڵ بە هۆی كێشە و گرفتی ناوخۆ و هەروەها كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم و كاریگەری دەوروبەر ئەو پڕۆژەیە راپرسی لەسەر نەكرا و نەمانتوانی ببین بە خاوەنی دەستووری خۆمان، لێرەدا نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە وڵاتێكدا دەژین كە ناوی عێراقە و هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو دەوڵەتە و لەم دەوڵەتەشدا هەموو شتێك لە سەر بنەمای تەوافق بەڕێوەچووە.
شايانى باسه هەكارى هەروەها گوتی: نەبوونی دەستوور، یان دواكەوتنی دەستوور، ناتەبایی و لیكتێنەگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان زیاتر دەكات، زۆر جاریش لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، جۆرێك لە ئیشكالیەت و لێكتێنەگەیشتنی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دروست كردووە، بۆیە چەند دەستوور دوا بكەێت و چەند درەنگتر بخرێتە دەنگدانەوە، هێندە زیاتر كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكان كەڵەكەتر دەبێت، بۆیە مەسەلەی حزبایەتی و تێڕوانینی حزبایەتی بۆ پرسەكە مەسەلەیەكە و مەسەلەی دەستوور وەك پرسێكی نیشتمانی پرسێكی دیكەیە.
لە كۆتایی قسەكانیدا رۆميۆ گوتی: بەشێكی زۆری مافی ئێمە وەك كلد و سریان و ئاشووری لەم دەستوورەدا بوونی هەیە، ئەمەش نەك تەنها مافی ئێمە، بەڵكو مافی توركمان و هەروەها مافی تەواوی نەتەوە و ئایینەكانی دیكەش كە لە كوردستاندا دەژین ملزمە و لەم دەستوورە نووسراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پرۆسەی دەستوور بۆ هەموو لایەكە و تەنها بۆ نەتەوەیەك نییە، هیچ لایەك 100% مافەكانی نەهاتووە، تەنانەت بە نەتەوەی كوردیشەوە، بەڵام هەر لایەك بەشی زۆری مافەكانی دیاریكراوە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1022)
