مەسرور بارزانی: داوای بەشداریی پێشمەرگە لە ھەر ھێرشێکی چاوەڕوانکراو دادپەروەرانە نییە، ئەگەر وەک سوپای عێراق پڕچەک نەکرێ

مەسرور بارزانی: داوای بەشداریی پێشمەرگە لە ھەر ھێرشێکی چاوەڕوانکراو دادپەروەرانە نییە، ئەگەر وەک سوپای عێراق پڕچەک نەکرێ
ئەمڕۆ "مەسرور بارزانی" راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە "مارک بارێتی" بالیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا، کە بە ئامادەبوونی کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەولێر بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر دوا پێشڕەویی و ھێرشەکانی دوێنێی پێشمەرگە دژ بە تیرۆریستانی داعش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی داعش لە باشووری کەرکووک و ھەردوولا گفتوگۆیان لەسەر بابەتی ئازادکردنی مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق کرد. لەوبارەوە مەسرور بارزانی رایگەیاند، مووسڵ ھەڕەشە دەبێت بۆ سەر ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر وەک بنکەیەکی تیرۆریستان بمێنێتەوە و گوتی: ھاوکات داوای بەشداریکردنی پێشمەرگە لە ھەر ھێرشێکی چاوەڕوانکراودا، داواکارییەکی دادپەروەرانە نییە، ئەگەر وەک سوپای عێراق پڕچەک نەکرێ.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا رۆڵی فەڕەنسا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش و راھێنانی پێشمەرگە تاوتوکرا و راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان داوای فرەوانکردنی بەشداریی فەڕەنسای لە قەبارە و بوارەکاندا لە بالیۆزی فەڕەنسا کرد بە شێوەیەک، کە لەئاست پێداویستییەکانی ئاسایشی ناوخۆدا بێت و گوتی:شکانی تیرۆریستان لە بەرەکانی جەنگدا لەگەڵ پێشمەرگە وای کردووە پەنا بۆ کاری ترسنۆکانە بەرن، وەک ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ھەینی رابردوو لە ھەولێر ئەنجامیاندا.

لەبەرامبەردا بالیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سوپاسی قارەمانێتی پێشمەرگە و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد، کە لە روانگە و بۆچوونی جیھانییەوە داعش لە پاشەکشە دایە و گوتی: ئێمە باش دەزانین داعش بە تەنھا ھەڕەشە نییە بۆ سەر کوردستان و عێراق، بەلکو ھەڕەشەیە بۆ تەواوی ناوچەکە و جیھانیش.
Top