سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەكات
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سڵاوی (فڕانسوا هۆڵاند)ـی سەرۆكی فەڕەنسای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و هەورەها باسیش لە گرنگیی سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم كرد بۆ فەڕەنسا و پاڵپشتی و بەردەوامیی وڵاتەكەی لە هاوكاریكردنی سەربازی و پێشكەشكردنی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی دووپاتكردەوە. باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆیشی ڕاگەیاند بۆ كەسوكار و خانەوادەی قوربانییەكانی تەقینەوەكەی ڕۆژی هەینیی ڕابردووی شارۆچكەی عەینكاوە و دەستخۆشی لە گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پاراستنی پێكهاتەكان و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرە پەنابەرەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە هەمیشە پاڵپشت و هاوسۆزی گەلی كوردستان بوونە و لە كاتێكی هەستیاریشدا فەڕەنسا پشتیوانی لە پێشمەرگە و كوردستان كرد و ئەم هەڵوێستە مێژووییە قەت لە یاد ناچێت. هەروەها سوپاسی سەرۆك هۆڵاندیشی كرد كە پێشوازی لە شاندەكەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم كردووە و ئاماژەیشی بەوەدا كە هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی فەڕەنسا و هێزی پێشمەرگە لە ئاستێكی زۆر باش دایە.
هەر لەم دیدارەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی باشتربوونی پەیوەندییەكان و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەردوولا هەنگاو دەنێت. لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا و ئەنبار و سەلاحەدین و كەركووك خرایە بەر باس. هەر لەم دیدارەدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا لە بوارەجیاجیاكان كردەوە.
KRP
