حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرینگ لە بەرژەوەندیی پەروەردە و خوێندنی باڵادا دەدات

حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرینگ لە بەرژەوەندیی پەروەردە و خوێندنی باڵادا دەدات
ئەمڕۆ یەكشەممە 2015/4/19 بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی بەست.

لە كۆبوونەوەكەدا ڕاپۆرتی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە لە بارەی ڕەوشی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە خرایە ڕوو و دواتر كارنامەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ و تاوتوێ كرا و چەند بڕیارێك سەبارەت بە خوێندنی باڵا و پەروەردە دران.

سەبارەت بە خوێندنی باڵا، باس لە گرنگیی دەستنیشانكردنی ئەولەویەتی پێداویستییەكانی حكوومەت و كەرتی تایبەت لە كاتی داڕشتنی پلانی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی دیپلۆم و ماستەر و دكتۆرا كرا و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا وەزارەتەكان ئاگادار بكرێنەوە كە سەرجەم پێدوایستییەكانیان ڕادەستی ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا بكەن. دواتر باس لە كوالێتیی ئاستی زانكۆكان كرا و بڕیار درا بە پیادەكردنی سیستمی ڕیزبەندیی نیشتمانیی زانكۆ و دامەزراوەكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە شێوەیەك لەسەر پێوەری زانستیانە و كوالێتی، هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ بكرێت و ڕیزبەند بكرێن كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كێبركێی زانستی لە نێوانیاندا دروست ببێت.

سەبارەت بە وەزارەتی پەروەردەش، سەرەتا باس لە هەڵمەتی نیشتمانیی دروستكردنی قوتابخانە كرا و بڕیار درا كە پرۆژەیەك بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بكرێت و سەرچاوەی نوێی پارەداركردنی پرۆژەكانی دروستكردنی باڵەخانەی قوتابخانەكان بدۆزرێتەوە و حكوومەتیش ئاسانكاریی تەواو پێشكەش بكات. هەروەها باس لە كۆنفرانسی پەروەردەیی كرا كە بڕیارە مانگی داهاتوو ببەسترێت و تەوەرەكانی كۆنفرانسەكە گفتوگۆی لەسەر كرا. دواتر پرۆژەی پەیڕەوی خوێندنی پیشەیی خرایە ڕوو و بڕیار درا ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بكرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەك پڕۆژەیەك بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كرا و لەمبارەیەشەوە جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە خوێندنی كوردی لەو ناوچانە زیاتر برەوی پێ بدرێت و هاوكاریی پێویستیش بۆ ئەم مەبەستە پێشكەش بكرێت، هەروەها بڕیار درا برەو بەو قوتابخانانەش بدرێت كە پرۆگرامی خوێندن تیایاندا بە زمانی ئینگلیزییە. دواتر باس لە هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان كرا و بڕیار درا لە وەرزی هاویندا كاری پێویستی بۆ بكرێت و جەخت لە بایەخدانی زیاتر بە ڕاهێنانی مامۆستایان كرایەوە.

ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان لە هەریەكە لە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی خوێندنی باڵا و پەروەردە و دارایی و پلاندانان پێك دێت و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 6ی بەرواری 19/10/2014، بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنەكە درا و مەبەست لە دامەزراندنیشی داڕشتنی پلان و ستراتیژیەتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە لە هەرێمی كوردستان.























KRG
Top