عەمید سەرحەد: بەرنامەی گرتنەوەی گوندی بەشیرمان نەبوو

 عەمید سەرحەد: بەرنامەی گرتنەوەی گوندی بەشیرمان نەبوو
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا‌و ناحیەكانی كەركووك رایگەیاند‌، لە شەڕەكەی رۆژی‌ 18ی نیسانی باشووری رۆژئاوای كەركووك نە هێزەکانی پۆلیس و نە هێزەکانی پێشمەرگە بەرنامەی گرتنەوەی گوندی بەشیریان نەبووە. جەختیشدەکاتەوە ئەو پلانەی دایانڕشتبوو وەک خۆی جێبەجێکراوەو سەرکەوتووش بوون.

قۆناغی سێیەمی هێرشەكانی هێزی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك رۆژی شەممە 18ی نیسانی 2015 دەستیپێكرد. هێزی پێشمەرگە بە هاوكاری هێرشی فڕۆكە جەنگییەكان توانی پێنج گوند كۆنترۆڵبكاتەوە. داقوق، عوزەیریە و عەتشانە گرنگترین ئەو گوندانە بوون كە كۆنترۆڵكرانەوە.

عوزەیریە و عەتشانە بە گوتەی فەرماندە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە بەلای داعشەوە دوو ناوچەی گرنگبوون، چونكە داعش لە رێگەی ئەو دوو گوندەوە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە سنووری كەركووك بە داقوقەوە دەبەستەوە.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا‌و ناحیەكانی كەركووك، لە لێدوانێكدا رەتیكردەوە پێشمەرگە نەیتوانیبێت گوندی بەشیر بگرێتەوە. ئەو گوتی "بەپێی بەرنامەكەی بۆمان دیاریكرابوو ئەو گوندانەمان گرتەوە، بەتایبەت گرتنەوەی دۆڵی بەشیر‌و سكەی قیتار‌و تەل ئەحمەد زۆر گرنگ بوو، بەڵام هەرگیز لە بەرنامەكەدا گرتنەوەی گوندی بەشیر نەبوو". گوتیشی "ئێستا رێگا سەرەكییەكانی گوندی بەشیر كۆنتڕۆڵكراوە، ئەگەر فەرمانی گرتنەوەی هەبێت، ئەوە کارێکی قورس نییە".

گوندی بەشیر كە ئێستا چەكدارانی داعش ی تێدایە سەر بەقەزای داقووقە‌ و دانیشتووانەكەی توركمانی شیعە مەزهەبن‌ و نزیكەی 2 هەزار ماڵی تێدایە.

لەو هێرشەی هێزی پێشمەرگەدا 18 چەكداری داعش كوژران و 32ی دیكەیان برینداربوون. بەهۆی بۆمبی چێنراویشەوە 5 پێشمەرگە شەهیدبوون و 8ی دیكەشیان برینداربوون، هەر بە تەقینەوەی بۆمبی چێنراو 4 كەس لە دژەتیرۆر برینداربوون، لە قۆڵی بەشیریشەوە 7 پۆلیسی قەزاو ناحیەكان برینداربوون. هەروەها بەهۆی تەقینەوەی هەمەرێكیش لەنێو چەكدارانی حەشدی شەعبیدا13 چەكداریان كوژران و 17 ی دیكەش برینداربوون.










رووداو
Top