پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاریی بۆ پێکهێنانی لیژنە 21 کەسییەکە دەکات
ئەندامانی ئەو لیژنەیە لەپەرلەمان و لەدەرەوەی پەرلەمانیش دەبن، بەڵام بە مەرجێک خەڵکی شارەزا بن و خاوەن ئەزموون بن. پێشنیازێک هەبوو کە لایەنە سیاسییەکانیش نوێنەریان لە لیژنەکە هەبێت، بەڵام ئەوە رەتکرایەوە، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، دواجار هەر وای لێدێت و دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەکە بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن دیاریدەکرێن.
هەرچەندە بڕیاردان لە لیژنەکەدا بە سازان دەبێت، بەڵام لە ئێستاوە لایەنەکان دەیانەوێت، زۆرینەی ئەندامانی لیژنەکە ئەوانە بن دەستوور بەدڵی ئەوان بنووسنەوە. فراکسیۆنی گۆڕانیش دەڵێن ئەوە مافێکی ئاسایی هێزە سیاسییەکانە.
دروستکردنی لیژنەکە دەکەوێتە دوای پەسەندکردنی یاسای ئامادەکردنی دەستوور بۆ راپرسی، دوای دروستبوونیان دەبێت لەماوەی ٩٠ رۆژدا پرۆژەی دەستوور ئامادە بکەن، گەر نەیانتوانی پەرلەمان ماوەکەیان بۆ درێژدەکاتەوە.
روداو
