لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەی عەنكاوە بەردەوامە و ئاساییش و پۆلیسیش دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان
بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییشی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكیان بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ناردووە، ئاماژەیان داوە كە ئەمڕۆ هەینی 17-4-2015 سەعات 5:45 خولەكی ئێوارە، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە شارۆچكەی عەینكاوە، لە نێوان بنكەی پۆلیسی عەینكاوە و بارەگای كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا، لە بەردەم كافتریای (نیلی)ـدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا (دوو) هاووڵاتی شەهید بوون و (هەشت) كەسی دیكەیش زامدار بوون.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران بەردەوامە و ئاساییشیش رای گشتی لێی ئاگادار دەكاتەوە.
ڕوونیش كراوەتەوە: "هاووڵاتیانی شاری هەولێر دڵنیا دەكەینەوە، بارودۆخی شاری هەولێر ئارامە و لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆدایە."
لە لایەكی دیكەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت) ڕایگەیاند، باری تەندروستیی بریندارەكان جێگیرە و هێزە ئەمنییەكانیش هەرچی زووە ناسنامەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەكە و چۆنیەتیی ڕووداوەكە بۆ میدیاكان ئاشكرا دەكەن.
دەشڵێت: "باری ئەمنیی هەولێر سەقامگیرە و هێزە تەناهییەكان دۆخەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووە".
