گوتەبێژی پارتی: كەسێك بڕوای بەمافەكانی گەلی كوردستان نەبێ، بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە باسی مافەكانی گەلهكهی بكات
ئهمهش دەقی لێدوانهكهی گوتەبێژی پارتییه:
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
حزب و لایەنە سیاسییەكان و ناوەندە رۆشنبیری و ئەكادیمیەكانی كوردستان
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان
لەكاتێكدا كە گەلی كوردستان لەباشور بەڕووی دڕەندەترین بوونەوەری مێژوو هاتەوە و تیرۆریستانی شكست دا، لەوكاتەی دۆزی رەوای گەلەكەمان لە باشور هەنگاوی زۆر پڕ بایەخی بەئاراستەی بووژانەوە و پێشكەوتن و پتەوتربوونی دیموكراسی ناوە و رۆژ لەدوای رۆژ پێگەی جیهانی و ناوچەییی هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندندایە، لەكاتێكدا كە زیاتر لەهەر ساتەوەختێك گەلەكەمان پێویستی بە یەكڕیزی هەیە، بۆئەوەی ئەم قۆناغە پڕ لە هەڕەشە و تەحەدیاتەی لەبەردەممانە بەسەركەوتوویی تێپەڕێنین، بەداخەوە دۆران كالكان ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی (مەد نوچە) لە روانگەیەكی دوژمنكارانەوە چەندین قسەی نابەجێی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە كردووە و زێدەڕۆیی كردۆتە سەر خەڵكی كوردستان. قسەكانی ئەم پیاوە ئەوەندە دورن لە گیانی نیشتمانپەروەری و بەرژەوەندیی نەتەوەیی تەنیا دەكرێت لەدەمی دوژمن و داگیركار بێتەدەر نەك سەركردەیەكی حزبێكی كوردستانی. بۆچونی لەم جۆرە لەبارەی كورد و كوردستان زۆر مەترسیدارن و پێویستە هەموو لایەكی لێبێتە دەنگ و رێگا لەزێدەڕۆیی لەم چەشنە بگیرێت.
یەكەم: كەسێك كە یەك وشەی كوردی نەزانێ و دیاریش نەبێت سەر بە چ نەتەوەیەكە و بڕوایشی بەمافەكانی گەلی كوردستان نەبێ، بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە باسی مافەكانی گەلی كوردستان بكات یان رێگا بەخۆی بدات دواڕۆژ و شێوازی بەڕێوەبردن بەسەر خەڵكی كوردستاندا بسەپێنێت و لەبارەیەوە بدوێت. كالكان كێیە و بۆدەبێ لەبارەی چارەنووسی گەلی كوردی باشور قسەبكات؟
دووەم: لەكاتێكدا دوژمنان و داگیركاران، كوردستانیان بەسەر چوارپارچە دابەشكردووە و گەلی ستمەمدیدەی كوردستان بووەتە قوربانی دەیان پیلانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ بەرگریكردن لە ناسنامەی خۆی سەدان هەزار شەهیدی داوە و جینۆساید و ئەنفال و كیمیا باران كراوە، كەچی هێشتا دۆران كالكان ئاسودە نییە و حەز بەدابەش بوونی زیاتری كوردستان دەكات و چاوی لە پارچە پارچەبوونی زیاتری گەلی كوردستانە. كالكان چۆن رێگا بەخۆی دەدات ئەوها بێباكانە تەپڵی دووبەرەكی لێ بدا و باسی سۆرانی و بادینی و ئێزیدی بكا ؟ ئایە هیچ دوژمن و داگیركارێك تائێستا رێگایان بەخۆداوە ئەوها ئاشكرا و بێ شەرمانە باسی لەت لەتكردنی گەلی كورد بكەن؟
سێیەم: كالكان باسی دیكتاتۆریەت دەكات و تۆمەتی دیكتاتۆربوون بۆ باشور و هەولێر و پارتی هەڵدەبەستێ. پرسیاریان لێدەكەین لە كوردستاندا كێ بەقەدەر حزبەكەی پەكەكە لەهزر و كرداردا شمولی و خۆسەپێنە؟ لەوشوێنەی پەكەكە باڵادەستە كوا ئازادی؟ كوا چالاكی حزبەكان؟ كوا ئازادی رادەربڕین و بوونی بەرانبەر؟ لەوشوێنانەی دەستیان بەسەرداگرتووە كەی بواری ئەوەیان بەخەڵك و رای بەرانبەرداوە بوونیان هەبێت؟ كوا لەژێر دەسەڵاتی پەكەكە رەنگ و دەنگی جیاواز بواری ژیانی هەیە؟ كەسێك لێوان لێوبێت لە هزری توندڕۆیی و دیكتاتۆری و خۆسەپاندن و تۆقاندن چۆن چۆنی باسی ئازادی دەكات؟
چوارەم: بوونی كەسێكی وەك ئەو، كێشە بووە بۆ خودی پەكەكەش. ئەو لە وەڵاتی ئەڵمانیا بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیر و زیندانی كرا و دواتریش هات لە سوریا گیرسایەوە. هەر ئەو و هاوشێوەكانی ئەون وایان كردووە پەكەكە هەردەم تۆمەتی تیرۆریست بوونی بخرێتەپاڵ. ئەم تەرزەكەسانە بۆ خودی پەكەكەش مایەی سەرئێشە و كێشەبوونە.
پێنجەم: رشتنی فرمێسكی تیمساحانە بۆ خوشك و برایانی ئیزیدی و خەڵكی شنگال هیچ چارەسەرێكی بۆ خەڵكی مەزڵومی ئەو دەڤەرە پێنابێت. تیرۆریستان شنگالیان جینۆساید كرد، بەڵام ئەوانە دەیانەوێ یاری بە برینی كوردانی ئێزیدی بكەن. هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەگیانفیدایی و خوێنی خۆی بست بە بستی دەڤەری شنگالی رزگاركرد و كەسیش بەقەدەر پارتی بۆئەم دەڤەرە خوێنی نەبەخشی و ئەوەیش بەئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت. بۆ دواڕۆژی دەڤەری شنگالیش پارتی دیموكراتی كوردستان رای خۆی ناسەپێنێت بەڵكو بڕوای بەدەنگ و هەڵبژادەی خەڵكی ئەم دەڤەرە هەیە. پارتی بەترس و تۆقاندن و چەواشەكاری خۆی ناسەپێنێت و پێی وایە دەبێ خەڵك ئازادبن و چارەنوسیان لەدەستی خۆیاندابێت، نەك ئەوەی خەڵكێك بێن و بەزۆر هزر و سەلیقە و ئیدارەی نامۆ بەسەر خەڵكی برینداری شنگالدا بسەپێنن. خەڵكی شنگال ئازادیخوازە و رێگانادەن چواچێوە و زیندانێكیان بەسەردا بسەپێندرێت.
لەكۆتاییدا ئەوە دەڵێین كە بۆچوون و قسەكانی دۆران كالكان پتر لە ئێرەیی و نەزانی و رقیەتی و، چاوی بەدیموكراسی و ئازادی و فرەلایەنی و پێكەوەژیان و پێشكەوتن و دەستكەوتەكانی باشوری كوردستان هەڵنایەت. ئەو و هاوبیر و هاوشێوەكانی تەنانەت یەك دەستكەوتیشیان بۆ باكور بەدەست نەهێناوە و تەنیا كاریان تێكدانی یەك ریزی و شێواندن بووە. با كالكان باش بزانێ باشوری كوردستان پاروی ئەو و هاوشێوەكانی نییە و باشور زۆر لەوە مەزنترە كە بیریشی لێ بكەنەوە. باشتریشە ئەو سنوری خۆی بزانێت و چیتر زێدەڕۆیی نەكات و هیواداریشین كە ئەو بۆچوونە بیروڕای شەخسی خۆی بێت و ئێمەیش لەوبڕوایەدانین لەناو پەكەكەدا خەڵكی تری وەك ئەو هەبێت كە ئەوها لەبارەی چارەنوسی گەلی كوردستانەوە تاریك و رقاوی بیربكاتەوە.
كوردستانی باشور حزب و لایەنی سیاسی و دامودەزگای شەرعی و هەڵبژێردراوی خۆی هەیە، پەكەكە چۆن رازی نییە نەك لایەنێكی هەرێمی كوردستان بەڵكو خەڵكیتریش لە كوردستانی باكور رۆڵی هەبێت، نابێ رێگا بەخۆی بدات بە وتە و كردەوە كێشە بۆ جەماوەری كوردستانی باشور دروست بكات.
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16/4/2015
